ناوەندێکی توێژینەوەیی سوید لە ڕاپۆرتێکی ساڵانەی ڕایگەیاندووە کە تێچووی سەربازی وڵاتانی جیهان نزیکەی دوو ترلیۆن دۆلار بووە.
ناوەندی توێژینەوەیی ستۆکهۆڵم بۆ ئاشتی ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕاپۆرتێکدا بودجەی سەربازی وڵاتانی جیهانی تاوتوێ کردووە.
بە پێی ئەو ڕاپۆرتە، وڵاتانی ئەمریکا، چین، هندستان، ڕووسیا و سعوودیە پلەی یەکەم تا پێنجەمی جیهانیان بۆ زۆربوونی تێچووە سەربازییەکان گرتووە و لە ساڵی 2019 بە گشتی وڵاتانی جیهان 1917ملیار دۆلار لە بواری سەربازیدا پارەیان بەکار هێناوە کە بەراورد بە ساڵی 2018 لە سەدا 4 بەرزبوونەوەی بە خۆوە بینیوە.
بودجەی سەربازی ئەمریکا لە ساڵی 2019 بڕی 732 ملیار دلار بووە. چین بە 261 ملیار دۆلار لە پلەی دووەمدا بووە و بودجەی هەر دوو وڵاتیش بەراورد بە ساڵی 2018 بەرزبووەتەوە.
وڵاتی هندستانیش بە بەرزبوونەوەی لە سەدا 6 بڕی 71 ملیار و 100 ملیۆن تێچووی سەربازیی هەبووە. پاش هندستان ناوی هەر یەک لە ڕووسیا و سعوودیە هاتووە. وڵاتانی فەرەنسا، بەریتانیا، ژاپۆن، ئەڵمانیا و کۆریای باشور لە پلەکانی دوایین. وڵاتی ئەڵمانیا لە سەدا 10 بودجەی سەربازیی زیادی کردووە و گەیشتووەتە 49 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار.
بە پێی ئەو ڕاپۆرتە، لە شەڕی سارد بەم لاوە ساڵی 2019 زیاترین تێچووی سەربازیی تێدا بووە و لە سەدا 2.2 ی کۆی گشتی وەبەرهێنانی جیهانی لە خۆ گرتووە.
نان تیان لە لێکۆڵەرانی ئەم ناوەندە بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسای ڕاگەیاندووە کە کاریگەرییە ئابورییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێتە هۆی دابەزاندنی تێچووە سەربازییەکانی وڵاتانی جیهان لە ساڵی 2020.
بە وتەی ناوبراو، تێچووە سەربازییەکانی وڵاتانی جیهان کاریگەری لە سەر بەشەکانی دیکە دادەنێت، بە شێوازێک کە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەوەی پیشاندا ئەو وڵاتانەی کە بە سەدان ملیار دۆلاریان بۆ بواری سەربازی تەرخان کردووە لە بواری تەندرووستیدا هێندە لاوازبوون و ئەمەش لە ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بینراوە./.
