له چوارچێوه‌ی هاوکارییه‌کانی بۆ حکومه‌تی عێراق له پرۆسه‌ی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی ئه‌م وڵاته، حکومه‌تی ژاپۆن بڕی یه‌ک ملیار دۆلاری وه‌ک قه‌رزی بانکی بۆ په‌ره‌پێدانی قۆناغی دووه‌می پاڵاوگه‌ی به‌سره ته‌رخان کردووه.
باڵیۆزخانه‌ی ژاپۆن له به‌غدا ڕایگه‌یاندووه که به‌ڵگه‌ی پێدانی ئه‌م قه‌رزه ئه‌مڕۆ یه‌ک شه‌ممه له نێوان ناوفۆمی هاشیمۆتۆ باڵیۆزی ژاپۆن و فۆئاد حوسێن وه‌زیری دارایی عێراق واژۆ کراوه.
به پێی ڕاگه‌ێندراوی باڵیۆزخانه‌ی ژاپۆن، ئه‌م وڵاته بڕی یه‌ک ملیار دۆلاری بۆ په‌ره‌پێدانی پاڵاوگه‌ی به‌سره ته‌رخان کردووه. ئه‌م هاوکارییه‌ی ژاپۆن که به شێوازی قه‌رزی بانکی ده‌بێت به گه‌وره‌ترین پێدانی قه‌رزی ئه‌م وڵاته بۆ پرۆژه‌یه‌ک له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باکوری ئه‌فریقا داده‌نرێت.
چاوه‌ڕوان ده‌کرێت به ته‌واوکردنی قۆناغی دووه‌می پاڵاوگه‌ی به‌سره، ڕێژه‌ی وه‌به‌رهێنانی نه‌وت و کوالیتی به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌کان له‌م پاڵاوگه‌یه به‌رز ببێته‌وه.
وه‌زاره‌تی دارایی عێراقیش سه‌باره‌ت به‌م قه‌رزه‌ی ژاپۆن ڕایگه‌یاندووه که ماوه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی پاره‌که 40 ساڵه و له سه‌ره‌تادا عێراق 10 ساڵ کاتی له به‌رده‌سته بۆ ده‌ستپێکردنی پرۆسه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و قه‌رزه.
ڕێژه‌ی سوودی ئه‌م قه‌رزه‌ش له سه‌دا 2 ڕاگه‌ێندراوه.
ژاپۆن له پاش گۆڕانکارییه‌کانی ساڵی 2003 ی عێراق به‌ڵێنی پێدانی 5 ملیار دۆلاری به‌م وڵاته داوه که 3 ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری به شێوازی قه‌رزی بانکی و یه‌ک ملیار و 500 ملیۆن دۆلاریشی وه‌ک هاوکارییه داراییه‌کان ده‌بێت./.