بریکاری پێشووی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق پێی وایه که له یاسای بودجه‌ی ساڵی 2019 کۆمه‌ڵه غه‌درێک له هه‌رێمی کوردستان کراوه و حکومه‌تی هه‌ولێریش به شێوازی کاتی چاره‌سه‌ری ئه‌و کێشه‌ی کردووه.
فازڵ نه‌بی شاره‌زا له کێشه دارایی و ئابورییه‌کانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و حکومه‌تی ناوه‌ندی عێراق به ماڵپه‌ڕێکی ئێرانیی ڕاگه‌یاندووه که پشکی هه‌رێمی کوردستان له بودجه‌ی ساڵی 2019 به‌راورد به بودجه‌ی ساڵانی ڕابردوو به تایبه‌ت ساڵی 2013 که‌م کراوه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش له کاتێکدایه که ڕێژه‌ی بودجه‌ی گشتی عێراق له‌مساڵدا زۆر زیادی کردووه و ده‌بێت پشکی هه‌رێم زیاتر ببێت نه‌ک ئه‌وه‌ی که که‌م بکرێته‌وه.
ناوبراو داوای له حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان کردووه لێژنه‌یه‌ک له پسپۆڕانی بواری نه‌وتی و دارایی ڕه‌وانه‌ی به‌غدا بکات تا له گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان چاره‌سه‌رێکی گونجاو بۆ ئه‌م کێشه‌یه‌ی نێوانیان بدۆزنه‌وه.
فازڵ نه‌بی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی که له لایه‌ن ژماره‌یه‌ک ئه‌ندام په‌رله‌مانی کورده‌وه له به‌غدا سه‌باره‌ت به دۆسیه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان ده‌درێت، بۆ کێشه و ململانێ سیاسییه‌کانی حیزبه‌کانی هه‌رێمی کوردستان گه‌ڕانده‌وه و وتی: ده‌بێت ئه‌و که‌سانه له په‌رله‌مانی کوردستان تاوتوێی ئه‌و کێشه‌یه بکه‌ن نه‌ک له به‌غدا.
بریکاری پێشووی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق ڕایگه‌یاندووه که هه‌ر کات پشکی هه‌رێمی کوردستان له بودجه‌ی گشتی عێراق وه‌ک خۆی چاره‌سه‌ر کرا، هه‌رێمیش ده‌توانێت بڕی دیاریکراوی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ڕاده‌ستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات به پێچه‌وانه‌وه له‌م حاڵه‌ته‌ی ئێستا له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ولێر نییه نه‌وته‌که‌ی به‌م پشکه‌وه ڕاده‌ست بکات./.