زۆربەی ئەو کەسانەی خۆیان بە ڕێکخەری خۆپێشاندەکانی عێراق و بە تایبەت بەغدا ناو دەبرد، ئێستا پشتیان لێکردووە.
هێشتا ناتوانین باس لە تەواوبوونی خۆپێشاندانەکانی عێراق بکەین، بەڵام وەک جاران نییە، ژمارەی خۆپێشاندەران و ڕێژەی چالاکییەکانیان ڕووی لە کەمبوون کردەوە، ئەوانەش کە ماونەتەوە داوای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، دادگاییکردنی گەندەڵان، حکومەتی هاونیشتمانی، جێبەجێکردنی چاکسازی، دادگاییکردنی بکوژانی خۆپێشاندەران و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن.
لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا هێشتا 30 خەیمەیەک دەبینرێت کە لانیکەم لە هەر خەیمەیەک 4 کەس بوونی هەیە، ئەوان بە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نایانەوێت بچنەوە ماڵەکانی خۆیان. دەڵێن کە چۆڵکردنی ئەو گۆڕەپانە بە واتای زاڵبوونی هێزە ئەمنییەکانە و جارێکی دیکە کەس بۆ تەحریر ناتوانێت بگەڕێتەوە.
لە گۆڕەپانی ئەلحەبوبی شاری ناسریەش کە لە پاش بەغدا زیاترین ناڕەزایەتی تێدا بووە، 15 خەیمە ماوەتەوە.
حکومەتی بەغداش لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو بەربەستەکانی چەندین شەقامی لە شاری بەغدا هەڵگرتووە.
کەرار باسم یەکێک لە ئامادەبووانی خەیمەکانی گۆڕەپانی تەحریری بەغدا دەڵێت ئەوانەی کە لە گۆڕەپانەکەدا ماونەتەوە، ماوەی حەوت مانگ دەبێت درێژەیان بە چالاکییەکانیان داوە و جەخت لە سەر مسۆگەربوونی داواکارییەکانیان دەکەنەوە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە مستەفا کازمی وەک سەرۆکی دەزگای هەواڵگری عێراق ناوی بکوژانی خۆپێشاندەران دەزانێت و دەبێت ئەوان دادگایی بکات.
خۆپێشاندانەکانی عێراق کە لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2019 دەستیپێکرد، گەیشتە دەست لە کار کێشانەوەی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی. لەو خۆپێشاندانانەدا تا ئێستا 700 کەس کوژراون، زیاتر لە 27 هەزار برینداری هەبووە و زۆربەی ئەوانەی دەستبەسەر کران ئازاد بوون.
یوسف ئیبراهیمی چالاکوانی مەدەنی لە بەغدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە خۆپێشاندانەکان بە هۆکاری بەهێزبوونی حکومەتەکەی مستەفا کازمی دادەنرێت و ئەو هەموو کات پاڵپشتیی لێدەکات و بە هێزی پاڵپشتی لە پلانی چاکسازییەکانی دەزانێت.
ئیبراهیمی هەروەها پێش بینی ئەوەش دەکات کە بە تەواوبوونی سنوردارکردنی هاتووچۆی خەڵک بە هۆی کۆرۆناوە، خۆپێشاندانی عێراقییەکان دیسانەوە دەست پێبکاتەوە.
عەلی سەلمان ڕۆژنامەنووسی عێراقی بە هەمان شێوە جەخت دەکاتەوە کە ئەوانەی خۆیان بە ڕێکخەری خۆپێشاندانەکان دەزانی، ئێستا پشتیان لێکردووە و ئەمەش بێ هیوایی خۆپێشاندەرانی بە دواوە بووە و دوور نییە ئەوان جارێکی دیکە نەگەڕێنەوە گۆڕەپانی خۆپێشاندانەکان بۆ هەمیشە کۆتایی بەم ناڕەزایەتییانە بهێندرێت.
ئەو دەڵێت ئەگەر حکومەت پلانێکی بۆ چاکسازی نەبێت و جێبەجێی نەکات ڕەنگە خۆپێشاندانێکی گەورەتر لە ماوەی یەک ساڵی داهاتوو بەڕێوە بچێت و کۆنتڕۆڵکردنی دۆخی وڵاتیش لەو کاتەدا ئەستەم دەبێت./.
