کۆبوونەوەی نێوان هاوسەرۆکی یەکێتی و جێگری سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە شاری هەولێر کۆتایی هات. کۆبوونەوەکەش ئەنجامی ئەوە بووە کە هەر دوو حیزب بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان ڕێکەوتوون.
فەرید ئەسەسەرد سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە ڕووماڵ ی ڕاگەیاند کە دۆخەکە بەرەو هێوربوونەوە دەچێت و یەکێتی و پارتی لە سەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان ڕێکەوتنیان کردووە.
ڕاشیگەیاند کە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دووشەممەی پەرلەمانی کوردستان بە بەشداری فراکسیۆنی یەکێتی بەڕێوە دەچێت.
ئەسەسەرد لە درێژەی لێدوانەکانی بۆ ڕووماڵ وتی: ئەگەر دۆخەکە بەم شێوازە بەڕێوە بچێت لە پاش جەژنی قوربانی کۆبوونەوەی باڵای یەکێتی و پارتی بەڕێوە دەچێت.
سەرەڕای چەندین هەوڵی ئەنجامدراو، یەکێتی و پارتی ماوەی هەشت مانگ دەبێت کە هیچ کۆبوونەوەیەکی هاوبەشیان نەکردووە.

