لەم ماوەیەدا ئەمریکا هەوڵەکانی بە ئاراستەی گرتنەبەری هەڵوێستێکی ڕوونتر لە بەرامبەر دۆسیەی سوریا چڕتر کردووەتەوە.
لە ئاستی سیاسی و تایبەت بە دانیشتنەکانی لێژنەی داڕشتنەوەی دەستووری سوریا، ئەمریکا بە جیدی هەوڵی ئەوەیدا کە لەو دانیشتنانەدا پێشکەوتنی بەرچاو مسۆگەر ببێت و هەڕەشەی ئەوەشی لە حکومەتی سوریا کرد کە لە ئەگەری کێشە خوڵقاندن بۆ کارەکانی ئەو لێژنەیە، ڕوبەڕوی سزای زیاتر دەبێتەوە.
لە ئاستی مەیدانی و شەڕی ئێستای چەندین ناوچەی سوریا، ئەمریکا بە ئاشکرا پاڵپشتیی لە تورکیا و گرووپە نەیارەکانی دیکە لە بەرامبەر پێشڕەوییەکانی سوپای ئەسەد کردووە. هەروەها ئەمریکا پێگەی هێزەکانی سەر بە ئێرانی لە رۆژهەڵاتی سوریا بۆردومان کردووە و بەردەوامیشە لە هاوکاری و پاڵپشتی لە هێزەکانی سوریای دیمۆکرات لە بەرامبەر تیرۆریستانی داعش.
لە لایەکی دیکەوە، جێمز جفری نێردەی ئەمریکا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش و جۆیل ڕایبرۆن نێردەی تایبەتی ئەم وڵاتە بۆ کاروباری سوریا چەندین کۆبوونەوەیان لە گەڵ نوێنەری نەیارانی سوریا و هەروەها بەرپرسانی تورکیا هەبووە و لەو کۆبوونەوانەدا جەختیان لە سەر هەڵوێستی یەکگرتووی نەیارانی سوریا و هێزە کوردییەکان لە بەرامبەر حکومەتی دیمەشق کردووەتەوە.
سەرەڕای شەڕەقسەی نێوان نێردەی ئەمریکا و نەسر حەریری سەرۆکی هاوپەیمانی نەیارانی سوریا، سەبارەت بە گۆڕانکاری بەردەوام لە ستراتیژی واشنتن تایبەت بە سوریا، ڕایبرۆن جەختیکردەوە کە ئەمریکا لە ئێستادا سیاسەتێکی نەگۆڕی بۆ پاڵپشتی لە نەیارانی ئەسەد و هێزە کوردییەکان گرتووەتە پێش.
هەروەها نوێنەرانی ئەمریکا لە سەردانەکەیان بۆ تورکیا هانی نەیارانی ئەسەدیان داوە کە لە هێزە کوردییەکانی سوریاش نزیک ببنەوە و لە پێناو دژایەتی بەشار ئەسەد پێکەوە هاوکارییان هەبێت.
لە ئێستادا دەبێت بزانین کە ئایا ئەم هەوڵ و جوڵەی نوێی ئەمریکا کاتی و وەک تەکتیکی پێش هەڵبژاردنەکانی ئەم وڵاتە سەیر دەکرێت یان بە جیدی واشنتن هەوڵی بەرەوپێشچوونی سیاسی لە دۆسیەی سوریا دەدات./.
