لە کاتێکدا تەنیا دوو ڕۆژی بۆ وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا ماوە، زیاتر لە 91 ملیۆن و 600 هەزار کەس بەشدارییان لەو هەڵبژاردنانەدا کردووە کە دەکاتە دوو لە سەر سێی کۆی گشتی دەنگەکانی ساڵی 2016 ی ئەم وڵاتەیە.
بە پێی ئامارەکانی سئ ئێن ئێن، ئەم دەنگانە پیشان دەدات کە لە سەدا 43 ی ئەو دەنگدەرانەی پێشتر ناویان لە ڕیزی دەنگدەراندا تۆمار کراوە، بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە. لە 16 ویلایەت زیاتر لە نیوەی ئەو کەسانەی پێشتر ناویان تۆمار کراوە، پێش هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی سێ شەممە دەنگیان داوە.
بەشداری 91 ملیۆن و 600 هەزار کەسی لەم هەڵبژاردنانە بە واتای لە سەدا 67 ی ئەو 136 ملیۆن و 500 هەزار کەسەیە کە لە ساڵی 2016 بەشداری هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکایان کردووە.
لایەنگرانی حیزبی دیمۆکراتی ئەمریکا پێشوازییەکی بەرچاویان لە دەنگدانی پێشوەختە هەبووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە لایەنگرانی دوناڵد ترەمپ ڕایانگەیاندووە کە دەیانەوێت ڕۆژی دەنگدان بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن.
لە ویلایەتەکانی فلۆریدا، کارۆلینای باکور و نۆوادا کۆماریخوازەکان هەوڵ دەدەن ئاماری خۆیان لە دەنگدانی پێشوەختە لە دیمۆکراتەکان نزیک بکەنەوە./.
