گرنگی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا وایکردووە کە بازاڕی جیهانی نەوت بە وردی چاودێری ئەنجامەکانی بکات.
بازاڕی جیهانی نەوت لە چاوەڕوانی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکایە بە شێوازێک کە شارەزایان پێشبینی دەکەن ئەو ئەنجامە بە تایبەت سەرکەوتنی جۆبایدن کاریگەری ڕاستەوخۆی لە سەر دۆخی بازاڕ دەبێت.
ماڵپەڕی Oil Price لە ڕاپۆڕتێکدا ڕایگەیاندووە کە سەرکەوتنی بایدن دۆخی بێ متمانەیی لە بازاڕە نەوتییەکاندا زیاتر دەکات.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە سەرکەوتنی کاندیدی دیمۆکراتەکان دەتوانێت کاریگەری بەرچاوی لە ڕێژەی خستنەڕووی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا هەبێت لە بەر ئەوەی کە ئەگەری گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران لە ئارادایە، ئەو ڕێکەوتنەی کە دوناڵد ترەمپ لێی کشاوەتەوە و سزای زۆری بە سەر ئێران بە تایبەت کەرتی ئەوتی ئەم وڵاتەدا سەپاندووە.
لە ئەگەری سەرکەوتنی بایدن و جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی، دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی زیاتر دەخرێتە بازاڕەوە، ئەو بازاڕەی کە بە هەموو شێوازێک هەوڵ دەدات لە ژێر کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، نرخی نەوت بەرز بکاتەوە.
بایدن پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئەگەر ئێران بە تەواوی پابەندی ڕێکەوتنی ناوەکی بێت، ئەمریکاش جارێکی دیکە بۆ ئەو ڕێکەوتنە دەگەڕێتەوە.
شارەزایان پێیان وایە کە ئەگەری گەڕانەوەی بەشێک یان تەواوی هەناردەی نەوتی ئێران لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوو دەتوانێت کەلێنەکانی نێوان وڵاتانی هەناردەکاری نەوت لە ڕێکخراوی ئۆپێک زیاتر بکات، ئەو ڕێکخراوەی کە سەرجەم وڵاتانی وەبەرهێنەری نەوتی هانداوە لە پێناو بەرزکردنەوەی نرخی نەوت ڕێژەی هەناردەی خۆیان دابەزێنن، هەروەها ئەگەری ئەوەش لە ئارادایە کە ئێران کێشە بخاتە بەردەم هەوڵەکانی سعوودیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی زیاتری بازاڕی نەوت.
هەروەها لە ئەگەری سەرکەوتنی جۆبایدن ئەگەری ئەوەش لە ئارادایە کە ناوبراو تا هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران لە ساڵی 2021 دان بە خۆیدا بگرێت تا حکومەتی نوێی تاران دەست بە کارەکانی بکات./.
