ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەبارەت بە ڕووداوەکەی ئەمڕۆی نێوان پارتی و پەکەکە پەیامێکی بڵاو کردەوە.
حاکم قادر لەو پەیامەدا ڕایگەیاندووە کە لە ئاوڕدانەوەی مێژوودا تەنیا شتێک کە بیانوو و هۆکار ناگرێتەخۆی، شەڕی بێ مانا و بێ بنەمای کورد بە دەستی کورد کوژییە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە براکوژی قێزەونترین دیاردە و کارەسات بووە لە ڕابردووماندا هەر بۆیە لەم سەردەمەشدا دەبێت براکوژی ڕەتبکەینەوە، بەمەش سەنگی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری ئێمە دەپێورێ.
حاکم قادر لە درێژەی پەیامەکەیدا داوایکردووە کە گەلی کورد ڕۆژێکی تایبەت بۆ نەفرەتکردن لە براکوژی دابنێت و وانەیەک بێت بۆ یەکگرتوویی و یەکێتی ڕیزەکانی گەل./.
