نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا وتی کە چ بایدن سەرکەوێت یان ترەمپ دووبارە سەرکەوتن بە دەست بێنێتەوە، کاریگەریی لە سەر سیاسەتی واشنتن بەرامبەر بە دیمەشق نابێت.
جێمز جفری وتی کە ئەمریکا هەوڵ دەدات کۆتایی بە بوونی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە سوریا بێنێت.
ناوبراو وتی کە بە تێڕوانینی واشنتن پەکەکە هێزێکی تیرۆریستییە و هۆکاری ئاڵۆزییەکانی ئێستایە لە گەڵ تورکیا لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا و ئەمریکاش هەوڵی دابەزاندنی ئەم ئاڵۆزییانە دەدات.
نێردەی ئەمریکا وتی کە واشنتن و ئەنکەرە سەبارەت بە کاروباری سەربازی لە سوریا ڕێکەوتنیان هەیە.
جفری وتی کە تەنیا چارەسەری قەیرانی سوریا جێبەجێکردنی بڕیاری 2254 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە و سیاسەتی ئەمریکا لە بەرامبەر ئەم وڵاتە هیچ گۆڕانکارییەکی بە سەردا ناکرێت.
ناوبراو وتی کە بایدن سەرکەوێت یان ترەمپ دووبارە سەرکەوتن بە دەست بێنێت، سیاسەتی ئەمریکا سەبارەت بە سزادانی سوریا و هەوڵدان بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئێران لەم وڵاتە تووشی گۆڕانکاری نابێت./.
