جۆبایدن کە شەوی ڕابردوو وەک براوەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا خۆیی ناساند، هەوڵ دەدات لە پاش ئەوەی کە سوێندی یاسایی بخوات چەند فەرمانێکی دوناڵد ترەمپ هەڵبوەشێنێتەوە، لەوانەش هەڵوەشانەوەی بڕیاری قەدەغەی سەردانیکردنی ئەمریکا بۆ موسڵمانان.
ڕۆژنامەی واشنتن پۆست لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە جۆبایدن هەوڵ دەدات پاش دەستبەکاربوونی وەک سەرۆک کۆماری نوێی ئەمریکا کۆمەڵە فەرمانێکی دوناڵد ترەمپ هەڵبوەشێنێتەوە.
لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە بایدن پیشان دەدات کە سیاسەت و تێڕوانینی بە تەواوی لە گەڵ دوناڵد ترەمپ جیاوازیی هەیە.
سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراو بۆ ڕێکەوتنی کەش و هەوای پاریس دەگەڕێتەوە و بڕیارەکەی ترەمپ بۆ کشانەوە لە ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانیش هەڵدەوەشێنێتەوە.
جۆبایدن هەروەها بەنیازە کە فەرمانەکەی ترەمپ بۆ ڕێگری لە سەردانیکردنی موسڵمانانی چەندین وڵات بۆ ئەمریکا هەڵبوەشێنێتەوە.
دوناڵد ترەمپیش بە هەمان شێوە پاش دەستبەکاربوونەوەی وەک سەرۆک کۆمار چەند فەرمانێکی باراک ئۆبامای هەڵوەشاندەوە./.
