حکومەتی عێراق ڕایگەیاند کە سەرجەم کەمپەکانی ئاوارەکان بەدەر لە هەرێمی کوردستان تا سەرەتای ساڵی داهاتوو دادەخرێن و ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان دەگەڕێنەوە.
ئیڤان فایەق وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق وتی: ئەم وەزارەتە پلانێکی نیشتمانیی بۆ داخستنی سەرجەم کەمپی ئاوارەکان لە سەرەتای ساڵی 2021 ئامادە کردووە و هیوادارین بتوانین ئەو ئامانجە مسۆگەر بکەین، بەدەر لەوانەی کە لە هەرێمی کوردستانن، بەم پێیەش نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار ئاوارە دەگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق وتی: لە گەڵ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی پەنابەران هەماهەنگی تەواو کراوە تا پاڵپشتی لەو کەسانە بکرێت کە خانووەکانیان تا ڕادەیەک لە لایەن حکومەتی بەغداوە لە ناوچە ئازادکراوەکان نۆژەنکراونەتەوە و هەروەها یارمەتی دارایی ئەو کەسانەش بدرێت کە خانووەکانیان بە تەواوی ڕووخاوە.
ناوبراو وتی: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق تا کۆتایی ئەم مانگە کەمپی ئاوارەکانی کەرکوک و سەلاحەدین و یەکێک لە کەمپەکانی ئەنبار و کەمپی عامریەی فەلوجە دادەخات، بەدەر لەمەش ئاوارەکانی نەینەوا لە سەر خواستی خۆیان سەرقاڵی گەڕانەوەن./.
