ڕاوێژکارێکی پێشووی جۆبایدن ڕایگەیاند کە ناوبراو بەنیازە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران بگەڕێتەوە بەڵام لە هەندێک بڕگەی ئەو ڕێکەوتنەدا گۆڕانکاری بچووک دەکرێت.
ئامۆس هاچسن بە کەناڵی 12 ی تەلەفزیۆنی ئیسرائیلی ڕاگەیاندووە کە بایدن لە ماگی یەکەمی سەرۆکایەتی خۆیدا بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران و وڵاتانی زلهێزی جیهان دەگەڕێتەوە و ئەمەش بە واتای هەڵپەساردنی بەشێک لە سزا و گەمارۆکانی ئێران دەبێت کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو بە سەر ئەم وڵاتەدا سەپاوە.
ناوبراو کە لە سەردەمی سەرۆکایەتی باراک ئۆباما بەرپرسی گەمارۆکانی کەرتی وزەی ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بووە، ڕایگەیاندووە کە بایدن هەندێک گۆڕانکاریی لەو ڕێکەوتنەدا دەوێت وەک بەرواری کۆتایی هاتنەکەی.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ئێران ئەوەیان ڕەتکردووەتەوە کە لە سەر ئەو ڕێکەوتنە سەر لە نوێ دانوستان بکەن./.
