ئەندامانی هاوپەیمانی بەرەی عێراقییە لە پەرلەمانی عێراق هەوڵەکانیان بۆ کۆکردنەوەی واژۆ لە دژی محەممەد حەلبوسی دەستپێکردووە و ڕایانگەیاندووە کە لە گەڵ چەند لایەنێکی کورد و شێعە گەیشتوونەتە لێک تێگەیشتن.
پرسی لادانی محەممەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە قۆناغی هەڕەشە پێی ناوەتە قۆناغی جموجوڵی ڕاستەقینە و کۆکردنەوەی واژۆ و کۆبوونەوە لە گەڵ سەرکردەی ئەو لایەنانەی دژی لادانی سەرۆکی پەرلەمانن.
هەینی ڕابردوو ئەندامانی هاوپەیمانی بەرەی عێراقییە لە ماڵی یەکێک لە پەرلەمانتاران کۆبوونەوە و چەندین پرسی گرنگیان تاوتوێ کردووە لەوانەش دوورخستنەوەی محەممەد حەلبوسی لە پۆستی سەرۆکایەتی پەرلەمان.
ئەو کۆبوونەوەش هاوکات بووە لە گەڵ کۆبوونەوەی سێ سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق، واتە سەلیم جبوری، مەحمود مەشهەدانی و حاجم حەسەنی.
ڕۆژی شەممەی ڕابردووش هاوپەیمانی بەرەی عێراقییە بە فەرمی ڕایگەیاند کە هەوڵەکانی بۆ کۆکردنەوەی واژۆ لە دژی محەممەد حەلبوسی دەستپێکردووە./.
