پاش ئەوەی کە یاسای قەرزی عێراق بە بێ پشکی کورد تێپەڕێندرا و 320 ملیارەکەی حکومەتی ناوەندیش کە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان تەرخان دەکرا، بڕدرا، سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە.
مەسعود بارزانی لەو پەیامەدا ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای بوونی چەندین ڕێکەوتن لە نێوان هەولێر و بەغدا تا ئێستا ڕێکەوتنەکان جێبەجێ نەکراون.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە لایەنەکانی سوننە و شێعە جارێکی دیکە خەنجەریان لە پشتی گەلی کورد داوە و بودجە و بژێوی خەڵکی کوردستانیان وەک کارتێکی گوشار لە دژی حکومەتی هەرێم بەکار هێناوە.
سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە درێژەی پەیامەکەیدا ڕایگەیاندووە کە ئەم هەڵسووکەوتە پێچەوانەی بنەماکانی شەراکەت و ڕێکەوتن و هاوسەنگی نێوان پێکهاتەکانی عێراقە و جۆرێکە لە تێکهەڵچوون و شەڕفرۆشی.
بارزانی داوای لە نوێنەرانی کورد لە بەغدا و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە کە بۆ پاراستنی کەرامەتی گەلی کورد و دانانی سنورێک بۆ ئەو هەڵسووکەوتەی حکومەتی بەغدا کۆببنەوە و هەڵوێستێکی یەکگرتوویان هەبێت./.
