نێردەی نوێی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا دەستی بە کارەکانی کرد.
جۆئل ڕیبۆرن وەک نێردەی نوێی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا دەستنیشان کرا.
ناوبراو لە یەکەم چالاکییدا لەم پۆستەی، پەیوەندیی بە ئەنەس عەبدە سەرۆکی شاندی دانوستانکاری نەیارانی سوریاوە کرد و پاڵپشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بۆ ئەو ڕاگەیاند، هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە لە چوارچێوەی بڕیاری ژمارە 2254 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هەوڵی چارەسەرکردنی سیاسیی قەیرانی سوریا بدرێت.
ڕیبۆرن ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا و هەروەها ئەفسەری خانەنشینکراوی سوپای ئەو وڵاتەیە.
ناوبراو لە لایەن سوپای ئەمریکاوە بۆ نووسینی کتێبێک لە سەر هێرشەکانی ئەو وڵاتە بۆ عێراق لە ساڵی 2003 ڕاسپێردرا کە لە ساڵی 2019 لە چاپ دراوە.
ڕیبۆرن لە ساڵی 2018 بووە جێگری جێمز جفری نێردەی پێشووی ئەمریکا و هەروەها لە ساڵی 2017 تا 2018 بەرپرسی دۆسیەی ئێران، عێراق، سوریا و لوبنان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا بووە./.
