وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕەتیکردووەتەوە کە وڵاتەکەی لە کێشەی قەرەباغ فێڵی لە ئەرمینیا کردبێت.
ماریا زاخاروا سەبارەت بە کێشەی قەرەباغ و ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە فێڵی ڕووسیا بەرامبەر بە ئەرمینیا دەکەن، وتی: لەم ڕۆژانەدا بۆچوونی جیاجیامان خوێندووەتەوە سەبارەت بەوەی کە کێ براوە و کێ دۆڕاوی شەڕی قەرەباغ بووە.
ناوبراو وتی: ئەم بۆچوونانە پیشاندەری لێکدانەوەی هەڵەی شرۆڤەکارانە سەبارەت بە ڕووداوەکانی قەرەباغ، ئەوانەی باس لەم بابەتە دەکەن دەبێت بزانن کە بە هەوڵەکانی ڕووسیا ئاسایشی ناوچەکە و هەر دوو وڵاتی ئەرمینیا و ئازەربایجان و داهاتوو و ژیان و پێشکەوتنیان دەستەبەر دەکرێت.
زاخاروا وتی: ڕووسیا بە ناردنی هێزی ئاشتیپارێز ئەوەی سەلماندووە کە گرنگی بە چارەنووسی ناوچەکە دەدات.
وتیشی: ئەوانەی لە سەر کێشەی قەرەباغ دەنووسن، دەبێت بزانن کە ڕووسیا چ هەنگاوێکی گەورەی هەڵگرتووە./.
