جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە کە بڵاوبوونەوەی هەواڵی پێدانی دوو مووچە لە لایەن حکومەتی بەغداوە بۆ ئەوەیە زیان بە حکومەتی هەرێم بگات و دەیانەوێت لەم ڕێگایەوە شەقامی کوردستان هان بدەن.
بەشیر حەداد پێدانی مووچەی لە عێراق بە ململانێی سیاسی ناو بردووە و ڕایگەیاندووە کە کوردیش کارتی گوشاری زۆری بە دەستەوەیە بەڵام پێویستە لە کاتی کێشە و گرفتەکاندا بیر لە چارەسەری ڕاست و درووست بکرێتەوە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە کێشەکان دەبێت لە چوارچێوەی دەستووری عێراق و لە سەر بنەمای شەراکەت و ڕێکەوتن و هاوسەنگی چارەسەر بکرێت.
جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە کە دەبێت حکومەتی بەغدا وەک فەرمانبەرانی بەسرە و بەغدا، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش بدات.
بەشیر حەداد تێپەڕاندنی یاساکانی عێراقی لە سەر بنەمای زۆرینە و کەمینە بە مەترسییەک لە سەر کۆی پرۆسەی سیاسی لەم وڵاتە ناو بردووە و ڕایگەیاندووە کە بەم شێوازەش بنەمای ڕێکەوتن لە عێراق دەکەوێتە مەترسییەوە./.
