سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆکی ڕێکخراوی حەشدی شەعبی جەختیان لە سەر پێویستی کۆنتڕۆڵکردنی چەکی نایاسایی و پاراستنی ئاسایش گشتی و ئاشتی کۆمەڵایەتی کردەوە.
بەرهەم ساڵح ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆشکی سەلام لە گەڵ فالح فەیاز سەرۆکی ڕێکخراوی حەشدی شەعبی کۆبووە.
هەر دوو لا لەو کۆبوونەوەدا بە پێویستیان زانی کە هەوڵی هێزە ئەمنییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و لەناوبردنی شانە نوستووەکانی داعش بەردەوام بێت و لە هەمان کاتدا دەسەڵاتی حکومەت و هێزە ئەمنییەکانیش بۆ پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتیان پتەوتر بکرێت.
سەرۆک کۆماری عێراق هەروەها جەختی لە سەر گرنگی پاراستنی دەسکەوتەکانی شەڕی دژ بە تیرۆر و کۆنتڕۆڵکردنی چەکی نایاسایی و بێ موڵەت لەم وڵاتە کردەوە./.
