شاندێکی ژووری بازرگانی هەڵەبجە لە گەڵ سەرۆکی دەستەی باڵای دەروازە سنورییەکانی عێراق کۆبووە و پرسی کردنەوەی دەروازەیەکی سنوریی نوێ لە گەڵ ئێران لەو کۆبوونەوەدا تاوتوێ کرا.
عومەر وائیلی سەرۆکی دەستەی باڵای دەروازە سنورییەکانی عێراق وتی کە کردنەوەی دەروازەیەکی سنوری فەرمی هەڵەبجە لە گەڵ ئێران یارمەتیدەری داخستنی دەروازە سنورییە نافەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان دەبێت.
ناوبراو وتی کە پارێزگای هەڵەبجە بە هۆی تاوانەکانی ڕژێمی بەعسەوە گرنگی و ڕێزێکی تایبەتی لای عێراقییەکان هەیە.
ئەو بەرپرسە عێراقییە هەروەها وتی: داواکاری شاندەکەی پارێزگای هەڵەبجە بۆ کردنەوەی دەروازەیەکی سنوری فەرمی لە گەڵ ئێران تاوتوێ کرا و ئەمەش دەتوانێت دەرفەتێکی ڕاستەقینە بۆ دانیشتووانی پارێزگای هەڵەبجە و دابینکردنی هەلی کار بۆ ئەوان بێت.
سەرۆکی دەستەی باڵای دەروازە سنورییەکانی عێراق وتی کە داواکەی شاندی پارێزگای هەڵەبجە بۆ لای بەرپرسانی پەیوەندیدار بەرز دەکرێتەوە و لە ئاکامدا و پاش تاوتوێکردن و ناردنی شاندی تەکنیکی، بڕیاری کۆتایی لە سەر دەدرێت./.
