ئەمڕۆ سێ شەممە هەر سێ لایەنی پێکهێنەری حکومەت بە سەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر کۆبوونەوە و دوا بە دوای کۆبوونەوەکەش ڕاگەێندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.
بە پێی ئەو ڕاگەێندراوە، بڕیار دراوە کە لە زووترین کاتدا شاندێکی باڵای سیاسی و حکومی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات بە مەبەستی وتووێژ لە گەڵ حکومەتی ناوەند و لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتن و چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکان بە تایبەت ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم و جێگیرکردنیان لە یاسای بودجەی ساڵی 2021 ی عێراق.
لە درێژەی ئەو ڕاگەێندراوەدا هاتووە کە پشتگیری چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داهات و خەرجی و گرتنەبەری هەموو هەنگاوێکی پێویست بۆ دابینکردنی مووچەی مانگانەی مووچەخۆران و وەڵامدانەوەی داوا ڕەواکانیان جەختی لێکراوەتەوە./.
