باڵیۆزی عێراق لە ئەنکەرە ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی لە سەر چەند دۆسیەیەک سکاڵای لە سەر تورکیا تۆمار کردووە و لە سەردانەکەی مستەفا کازمیش بۆ ئەو وڵاتە باس دەکرێت.
حەسەن جەنابی ڕایگەیاندووە کە لە سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تورکیا چەندین دۆسیەی گرنگی نێوان هەر دوو وڵات تاوتوێ دەکرێت.
ناوبراو وتی کە یەکێک لە دۆسیە گرنگەکان، سکاڵای بەغدایە لە سەر داهاتە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کە لە لایەن عێراقەوە لە دادگاکانی فەرەنسا تۆمار کراوە.
باڵیۆزی عێراق وتی کە تورکیا دەستی بە سەر داهاتە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستاندا گرتووە و حکومەتی بەغدا چەند سکاڵایەکی لە دادگاکانی فەرەنسا لە سەر ئەو دۆسیەیە تۆمار کردووە./.
