سەرۆک کۆماری ئێران وتی کە کۆتایی شەڕی ئابوری ئەمریکا لە دژی تاران هاتووە و ئەوانەی فەرماندەیی ئەو شەڕەیان دەکرد ئێستا لە کۆتا ڕۆژانی تەمەنی سیاسی خۆیاندان.
حەسەن ڕۆحانی بە ئاماژە بە سەپاندنی قورسترین سزا و گەمارۆی ئەمریکا لە دژی ئێران لە خولی سەرۆکایەتی دوناڵد ترەمپ، وتی کە ئێرانییەکان خۆڕاگرانە ڕێگرییان لەوە کرد پلانی گەمارۆ و سزا ئابورییەکانی ئەمریکا سەر بگرێت.
ناوبراو وتی کە ئەمریکا بۆیە لە ئێمە توڕەیە، ئەوەیە کە لە کاڵا ستراتیژییەکانی وەک بەنزین هیچ پێویستمان بە جیهانی دەرەوە نەماوە و تەنانەت هەناردەشی دەکەین.
سەرۆک کۆماری ئێران گەمارۆکانی بە کارێکی هاوبەشی ئەمریکا، ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی هاوپەیمانی ئەوان لە ناوچەکە ناو برد و وتی کە حکومەتی ئێران بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست لە ئاسەوار و کاریگەری گەمارۆکانی کەمکردووەتەوە./.
