بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ کرد.

پێشهاتی سیاسیی نوێ

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پێشهاتێکی سیاسیی نوێدا و لە کاتی ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی ناوچەکەدا، جارێکی دیکە بۆ تاوتوێکردنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و پێشهاتە سیاسییەکانی ناوچەکە کۆدەبنەوە و ئەمەش دووەم دیداری نێوانیانە لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا، دوای ئەوەی لە 17-2-2026 بافڵ تاڵەبانی سەردانی شاسوار عەبدولواحیدی کردبوو.

پێکهێنانی بەرەی 50+1 و وەرگرتنی سەرۆکوەزیران

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ پێشتر ڕایگەیاندبوو، ئامانجیان لەم کۆبوونەوانە دروستکردنی بەرەیەکی هاوبەشە بۆ پەرلەمانی کوردستان تاوەکو بگەنە ڕێژەی 50+1. شاسوار عەبدولواحید جارێکی دیکە بانگەوازی بۆ لایەنەکان کردووەتەوە بچنە ناو ڕێککەوتنەکەیانەوە بە مەبەستی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران و گۆڕینی شێوازی حوکمڕانی، ڕاشیگەیاندووە هەر لایەنێک بەدەم ئەم داوایەوە نەیەت، ئەوا بە مانەوەی پارتی و دۆخی ئێستا ڕازییە.

پڕۆژەی هاوبەش بۆ وەرگرتنی پۆستە باڵاکان

لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێ، نەوەی نوێ پڕۆژەیەکی دوو بەشی ئامادەکردووە؛ بەشێکیان تایبەتە بە داواکردنی پۆستی سەرۆکوەزیران و چەند وەزارەتێک، لە بەشەکەی دیکەشدا داوای پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و چەند وەزارەتێکی دیکە دەکەن. ئامانجی ئەم پڕۆژەیەش گەیشتنە بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی لەگەڵ یەکێتی بۆ دابەشکردنی پۆستە سیادییەکان.

هاوسەنگیی هێز و پۆستەکانی "ئەم زۆنە"

شاسوار عەبدولواحید جەختی لەسەر گەڕانەوەی هاوسەنگیی هێز کردەوە و پێیوایە ئەمە تەنیا بە ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتی بەدی دێت. بەپێی تێڕوانینی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لە کۆی 8 پۆستی باڵا و هەستیاری هەرێمی کوردستان، پێویستە 4 پۆستیان بۆ سنووری سلێمانی و هەڵەبجە بن.

کۆبوونەوە لە سایەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە

ئەم سەردانە و جموجۆڵە سیاسییانەی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، ناوچەکە بە گشتی لە دۆخێکی ئەمنی هەستیاردایە و جەنگ لە نێوان ئەمریکا ئیسرائیل لەلایەک و ئێران لەلایەکی دیکە پەرەی سەندووە، ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر نەخشەی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە دروست کردووە.