بەپێی یاسای عێراقی، ڕێکەوتنی تاوانکاری کاتێکە دوو کەس یان زیاتر پلانی تاوانێک دادەنێن، سزایەکی تا ٧ ساڵ زیندان بۆ تاوانە گەورەکان و ٢ ساڵ بۆ بچووکەکانیە.

بەپێی مادەی (٥٥) لەیاسای سزادانی عێراقی ژمارە (١١١) ی ساڵی (١٩٦٩)
کاتێک دووکەس یان زیاتر پێکەوە پلاندادەنێن و ڕێکەوتوون لەسەر ئەنجامدانی تاوانێک جا تاوانەکە گەورەبێت کەپێی دەوترێت (جنایات ) یان بچووک بێت کە پێی دەوترێت ( جنح ) بەتایبەتی لەتاوانەکانی وەک : دزیکردن ، فێڵکردن ، ساختەکردن ئەوا ئەمە بەڕێکەوتنی تاوانکاری دادەنرێت .
 
 مەرجەکانی ڕێکەوتنی تاوانکاری لە یاسادا چین ؟
 یەکەم / مەرج نیە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکە دیاریکراوبێت و سەعات و ڕۆژی تاوانەکە دیاربێت بەنمونە بڵێت ئێمە بەیانی سەعات ٥ ی ئێوارە تاوانەکە ئەنجام دەدەین تەنها ڕێکەوتن لەسەر ئەنجامدانی لە داهاتوودا بەسە .
 دووەم / ڕێکەوتنەکە دەکرێت بۆ تاوانێک بێت یان زنجیرە تاوانێک بێت بەنمونە چەند کەسێک ڕێکدەکەون ئەم هەفتەیە دزی لە ماڵێک دەکەن هەفتەی داهاتووش ئۆتۆمبیلێک دەدزن ئەمە دەبێت ڕێکەوتنی تاوانکاری بۆ چەند تاوانێک .
 سێیەم / وەک ڕێگایەک بێت بۆ گەیشتن بەمەبەستێکی تری تاوانکاری هەندێک جار ڕێکەوتن لەسەر تاوانێک دەکرێت تەنها بۆ ئەوەی ڕێگەیان بۆ خۆش بکات بۆ تاوانە گەورەکەی دوای خۆی
بەنمونە چەند کەسێک ڕێکدەکەون لەسەر ساختەکردنی پاسپۆرتێک ( تاوانی یەکەم ) تا بەو پاسپۆرتە ساختەیە بتوانن پارەی بانکێک بدزن( مەبەستە سەرەکیەکە ) لێرەدا تاوانی یەکەم ئامڕاز بوە بۆ گەیشتن بەتاوانی دووەم .
چوارەم / گروپەکە پلانی پێشوەختەیان دانابێت ئەم تاوانە بەڕێکەوت ( سوتفە ) ڕونادات بەڵکو پێویستی بەوەیە کەسەکان پێشوەختە قسەیان کردبێت و بیرۆکە و نیەتی تاوانەکەیان گۆڕیبێتەوە تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت پێویست ناکات گروپەکە مانگێک یان ساڵێک پێکەوەبن واتە ئەگەر سێ کەس تەنها ٥ خولەک پێش تاوانەکە ڕێکبکەون و پلانی کوشتنی کەسێک دابنێن یاسا هەر بە ڕێکەوتنی تاوانکاری سەیری دەکات
 سزای ڕێکەوتنی تاوانکاری چیە ؟
سزاکە بەپێی جۆری تاوانەکە دەگۆڕێت تەنانەت ئەگەر بەشداربوو خۆشی دەستی لە جێبەجێکردنی کارەکەشدا نەبووبێ .
بەپێی مادەی (٥٦) سزاکان بەم جۆرەن :
 ئەگەر تاوانەکە گەورەبێت ( جنایات )
سزای زیندانیکردن بۆ ماوەی (٧) حەوت ساڵ .
 ئەگەر تاوانەکە بچووک بێت ( جنح )
سزای بەندکردن بۆ ماوەی (٢) ساڵ یان پێبژاردن ( غرامە ) .
 
 ئامادەکردنی
پارێزەر دەریا رحیم