ژیری دەستکرد توانای داهێنانی میدیاکاران دەکوژێت و هەڵەیەکی زانیاریی و ئیتیکی دروست دەکات، بەڵام بەکارهێنانی ڕاستەقینە پێویستی بە پێوەرە پیشەیییەکانی هەیە.

ژیری دەستکرد، کورتکردنەوەی ڕێگە و کاتی تێپەڕاند و ئیدی خەریکە بیرکردنەوەی داهێنەرانە، بەرجەستەبوونی سەلیقەی خودیی لە توێی نووسیندا ون دەکات، خەسڵەت و مۆرکە مرۆییەکانی بەرهەم و ناوەڕۆکی میدیایی بێ بەها دەکات، تەنانەت هەندێکجار لە ژێر فشاری کاتدا میدیاکارانی بە ئەزموونیش سارد دەکاتەوە لەوەی چیتر توانا و سەلیقە میدیاییەکانیان بۆ داڕشتنی ناوەڕۆکێکی بەپێزی میدیای بەکاربهێنن.
ئێستا بەشێکی بەرچاوی کەناڵە ئاسمانیی و سەرچاوە هەواڵییەکان، بە تایبەت لە ڕووی تێکستەوە بەیەک دەچن؛ (نووسینە بێ گیانەکان، وشە نامۆکان، دەربڕینە ناکوردییەکان، ڕیزکردنی هاومانای نەگونجاو لەتەک سیاقی ڕستەدا، دەربڕینە ناسازەکان، هەڵە لۆژیکییەکان و ڕستە هەڵاوساوەکان بە وشەی ناپێویست) لە هەموویاندا وەک یەک دووبارە دەبنەوە.
ژێرخانی زانیاری مۆدێلەکانی ژیری دەستکرد، هەگبەیەکی پڕ لە دژبەری، چەواشەکاری، زانیاری شێوێندراو، زانیاری بارگاوی بە ئەنگێزەکانی ڕق و کینە، تیرۆری فیکری، پێشێلکارییە ئیتیکی و یاساییەکانە، کاتێک کوێرانە دەست لەو هەگبەیە وەردەدرێت و زانیاری لێ دەگوازرێتەوە، نەزانییە وەک خۆی و بێ پێداچوونەوەی مرۆیی بڵاو بکرێنەوە.
بەکارهێنانی ژیری دەستکرد لە میدیادا، پێویستی بە بەرچاوڕۆشنی، پارێزکردن و لەبەرچاوگرتنی ژمارەیەک پێوەر و کۆدی پیشەیی و ئیتیکی هەیە. بەکارهێنانی هەڕەمەکیانە و خۆڕادەستکردنی بێ چەندوچوون؛ نەک هەر توانای داهێنەرانەی میدیاکار دەکوژێت، بەڵکو دەیخاتە دەرەوەی بازنەی کاری پیشەییەوە، بەرگی مرۆیی بەبەر بەرهەمەکەی دادەماڵێت، سەرەڕای هەڵە و کەوتنە چاڵی نەزانییەوە، وەرگری بە سەلیقەشی لێ دەتەکێنێت.
لە بوارەکانی داڕشتنی هەواڵ، وەرگێڕان، گۆڕینی دەنگ بۆ تێکست، دۆزینەوەی بیرۆکە، پێداچوونەوە و کورتکردنەوەی دەق، پوختەکردن، هەڵبژاردنی ناونیشان، گرافیکی هەواڵ، وێنەی جووڵاو، هێلکاری، خوێندنەوەی پێنوێنەکان، تێگەیشتن لە نەخشە، پوختەکردنی ناوەڕۆکی ڕاپۆرتە درێژەکان، پڕکردنەوەی بۆشایی وێنە و ڤیدیۆ،.. هتد، سوود لە ژیری دەستکرد وەردەگیرێت، بەڵام ئەم سوودوەرگرتنە نابێت لەسەر حسابی توانای داهێنەرانە، درکی پیشەییانە، تایبەتمەندی و خەسڵەتی مرۆیی بێت.
بە دوایدا دێ..
 
ئه‌رسه‌لان ڕه‌حمان