بەهۆی جەنگی سەر ئێران و مەترسیی فراوانبوونی ئاڵۆزییە ئەمنییەکان لە ناوچەکەدا، سێ کۆمپانیای بیانیی بواری وزە، بەرهەمهێنانی نەوتیان لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ کاتێکی نادیار ڕاگرت.

 

کێڵگەکانی ئەترووش و سەرسەنگ

کۆمپانیای شاماران کە لە کێڵگەکانی نەوتی ئەترووش و سەرسەنگ خاوەن پشکە و بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای (HKN) کێڵگەکان بەڕێوەدەبەن، بڵاویکردەوە کە ئاگادارکراونەتەوە کارەکانی بەرهەمهێنانی نەوت ڕابگرن. کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە ئەم بڕیارە بەهۆی تێکچوونی ڕەوشی ئەمنیی ناوچەکە و بە مەبەستی خۆپاراستن دراوە.

کێڵگەی نەوتیی شێخان

کۆمپانیای گەڵف کیستۆن کە کێڵگەی نەوتیی شێخانی بەدەستەوەیە، ڕایگەیاندووە کە بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە و بە ئامانجی پاراستنی گیانی کارمەندەکانیان و دامەزراوەکانیان، بەرهەمهێنانی نەوتیان لەو کێڵگەیەدا بە تەواوی ڕاگرتووە.

کاریگەرییەکان لەسەر کەرتی کارەبا

ئەم هەنگاوەی کۆمپانیا نەوتییەکان دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی شەممە کۆمپانیای دانەغاز کارەکانی لە کێڵگەی غازی سروشتیی کۆرمۆر لە سنووری چەمچەماڵ ڕاگرت. ڕاگرتنی کارەکانی ئەو کێڵگەیە کێشەی گەورەی بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا دروستکردووە، بە جۆرێک لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کارەبای نیشتمانی بڕاوە یان کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بۆ کەمترین ئاست دابەزیوە.