لە 38 ساڵەی تاوانی ئەنفالدا, رێكخراوەكان داواكاریان بۆ دادگاییكرنی تۆمەتبارانی ئەنفال و هێنانەوەی روفاتی قوربانیان و داوای لێبوردن لە قوربانیان و... کرد.

وەك ساڵانی رابردوو لە یادی 38 ساڵەی تاوانی ئەنفال  , لە سەربازگەی تۆبزاوە, هەڵەبجە, چەمچەماڵ ,  سلێمانی, شارە دێی  حەسار ئەمڕۆ 14-4 یادی قربانیانی ئەنفال بەرز راگیرا و كۆمەڵێك داواكاری خرایە روو , هەروەها  بڕیار وایە رۆژی پێنج شەمە لە یادی 39 ساڵەی تاوانی كیمیابارانی  گوندی بالیسان و شێخ وەسانان  و 38 ساڵەی تاوانی ئەنفال , رێكخراوە تایبەتمەندەكانی پرسی جینۆساید و دژ بە چەك چالاكی بەڕێوە بچێت .
لە چالاكییەكان ئەم دوو بەیاننامەیە لە لایەن كەسوكاری قوربانیانو و چالاكوانانەوە خوێنرایەوە :
 
لە یدی 38 ساڵەی تاوانی ئەنفال
 
38 ساڵ لەمەوپێش, رژێمی بەعس یەكێك لە گەورەترین تاوانەكانی سەدەی بیستەمی بەرامبەر بە گەلی كورد ئەنجامدا بەناوی ئەنفال, كە لە ماوەی 8 ساڵدا 4 تاوانی جینۆسایدی بەرامبەر بە گەلەكەمان پیادە كرد" كۆمەڵكوژی فەیلی , بارزانی,  كیمیابارانی هەڵەبجە و تاوانی ئەنفال", ئەنفال گەورەترین و بەرفراوانترین پرۆسەیان بوو.
بە داخەوە ساڵ لە دوای ساڵ  داواكارییەكانمان دووبارە دەبنەوە, وەعدو بەڵێنەكان دەسەڵاتداران ئەنجامیان نابێت, لە كاتێك حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرهەمی قوربانی و خەباتی ئێمە بوو, كەچی بووە حكومەتی لایەنگری تاوانبارانی جینۆساید و ئەنفالچییەكان, بۆ ئەمساڵ لیستی داواكارییەكانمان دەخەینەروو بریتین لە  :
1- دادگاییكردنی تۆمەتبارانی ئەنفال, كە لە رێكەوتی 20-5-2007 ەوە بڕیاری دەستگیركردن و دادگاییكردنی بەشێكیان دەرچووە لە لایەن دادگای باڵای تاوانەكانەوە ناوەكانیان دیاریكراوە, داواكارین ناوەكانیان پاش هەموواركردنەوە و رێكخستنەوەی لیستەكە بدرێتە پۆلیستی ئەنتەرپول و دامودەزگاكانی كوردستان وەك تاوانبار بیان ناسن و حیزبەكان بە تایبەت دەسەڵاتداران لە ریزەكانیان دەریان بكەن و ئەستۆ پاكی خۆیان دەرببڕن لە بوونی تاوانبارانی جینۆساید لە ریزەكانیان.
2- پەلە بكرێت لە هێنانەوەی روفاتی قوربانیانی ئەنفال و بەرفراوانكردنی پرۆسەكانی شیكاری لە زووترین كاتدا بۆ ناسینەوەیان.
3- حكومەتی عێراق داوای لێبوردن لە قوربانیانی جینۆساید بكات بە گشتی بە تایبەت قوربانیانی ئەنفال, ئەمەش ئەركی سەرۆك كۆماری عێراقە, بە داخەوە پۆستەكە بە دەست كوردەوەیە و هیچ  هەنگاوێكیان نەناوە.
4- هەموو لیستەكانی موچەی "شەهیدان, جینۆساید, بریندارانی چەكی كیمیاوی, زیندانیانی سیاسی, پێشمەرگەی دێرین" بڵاو بكرێنەوەو لە بوونی گەندەڵی و ناوی تاوانباران پاك بكرێنەوە و وردبینی لە سیڤییەكانیان بكرێت, یاساكان بكرێنە پێوەر بۆموچەی ئەو توێژانە.
5- سەربازگەی تۆپزاوا لە فەوتان و لە ناوچوون رزگاربكرێت و بەپەلە بكرێت بە مۆنۆمێنتێكی شایستە بە قوربانیانی ئەنفال، چونكە سەربازگەی تۆپزاوە بە هاوشێوەی سەربازگەی ئۆشفیتزی هۆڵۆكۆست، تۆبزاوە هەڵگری دەیان پەیام و چیرۆكی قوربانیانی ئەنفالە.
6- وەڵام  بە داواكاری كەسوكاری قوربانیان بدرێتەوە, جیاوازی لە نێوانیان نەكرێت, ئەوانەی خانوو و زەوییان بۆ دابین نەكراوە بۆیان دابین بكرێت, ژیانی شایستە بۆ تاقانەكانی جینۆساید, رزگاربووانی گۆڕی بە كۆمەڵ, رزگاربووانی ئەنفال, بریندارەكان  و ..... دابین بكرێت.
7- داواكارین لە بەرپرسان, بۆ رێزگرتن لە قوربانیانی ئەنفال هەموو دانیشتن و وێنە گرتن و سەردانیكردن و بەشداریكردنێكی پرسەی 423 تۆمەتباری ئەنفال و ئەوانەی ناویان لە لیستەكەدا نییە و تەواوی موستەشارو فەرماندەی مەفرەزە خاسەكان و خاوەند پۆستە باڵا كارگێری و حیزبییەكانی سەردەمی بەعس رابگرن بە تایبەتیش 258 كەسەی هاووڵاتی هەرێمی كوردستانن, جوڵەی سیاسییان قەدەغە بكرێت, رێز لە 182000 قوربانی ئەنفالمان بگرن .
8- هەر بەشدارییەكی سیاسی لە كۆنە سەرۆك فەوجە جاشەكان, سەرۆك مەفرەزە خاسەكان, ئامر سرییەكان, رەفیق حیزبییەكان, ئەمن و ئیستخبارات و تەواری رژێمی پێشوو و هەموو ئەوانەی بەرپرسیارێتیان هەبووە لە دەسەڵاتی بەعس قەدەغە بكرێت., لە كاتی مردنیان  رێگا بگرترێت بە ئاڵای كوردستانەوە بنێژرێن.
9-هیچكە تاكی كورد نەكرێتە سوتەمەنی ململانێ نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەكان, زۆرینەی تاوانەكانی رابردوو بەرامبەر گەلەكەمان كراوە بە بەهانەی ئەم بەشداریانەوە ئەنجام دراوە, بە تایبەت سێ پرۆسەی جینۆسایدی 8000 بارزانی, 5000 هەڵەبجە, 182000 ئەنفال, ئاشتیخوازی بكرێتە ناسنامەی كوردستانی جینۆسایدكراو.
 
رێكخراوەكان:
-رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید-  kwg
-تۆڕی رێكخراوە كوردستانیییەكان له پێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی –  Koncicc
-تۆڕی ئایكان كوردستان ــ IKN
-رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ لە كوردستان ــ OAWMD
-رێكخراوی هەڵمەتی دادپەروەری ــ OJC
-رێكخراوی جیهانی بێ چەكی كیمیاوی و بایەلۆجی-www
-هەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان
- رێكخراوی ئایندە
-گۆڤاری تۆبزاوە
-رۆژنامەی نگرە سەلمان
- رێكخراوی مانەوە  بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان
-كوردۆساید ۆچ-چاك كوردستان
-هەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان
-تۆڕی رێكخراوە كوردستانییەكان بۆ قەدەغەكردنی چەكی ناوكی و كۆكوژ لە كوردستان=KONW
 
 
بۆ دوبارە نەبوونەوەی تاوانی ئەنفال, داوا دەكەین عێراق ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی
 
38ساڵ لەمەوپێش رژێمی بەعس تاوانی ئەنفالی لە پرۆسەیەكی سەربازی 200 رۆژەدا بەرامبەر بە گەلەكەمانی ئەنجامدا, , لە ئاكامدا زیاتر لە 182000 هاووڵاتی سڤیلی كوردستان بوونە قوربانی, لە بارودۆخێكدا وەك ئێستا دادگایەكی نێونەتەوەیی نەبوو تا ببێتە رێگر لە ئەنجامدانی ئەو شا تاوانە.
ئێمە لە یاداوەری 38 ساڵەی تاوانی ئەنفالدا, لە پێناو دوبارە نەبوونەوەی تاوانی لەم چەشنە لە وڵاتەكەمان و دڵنەوایی نەوەكان بەوەی دوبارە نابێتەوە, داواكارین عێراق ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی ناسراو بە ICC, كە هەنووكە 124 وڵات پەیوەست بوونە پێوەی, دوایینیان ئەرمینیایە.
ئەگەر ئەم داواكارییەی ئێمە كە 21 ساڵە دوبارەی دەكەینەوە جێبەجێ بەكرابایا, ئێستا كەیسی تاوانەكانی شەنگال و شارو شارۆچكەكانی دیكە بە سانایی دەگەیشتە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و تاوانەكان لە ئاستی جیهانیدا بە جینۆساید دەناسێننران, یان لەوانەیە هەر روویان نەدایا, رێگاش لە دووبارەبونەوەیان دەگرترا.
بۆیە لەم یادەدا داواكارین بە زوترین كات عێراق پەیماننامەی رۆما واژۆ بكات و پەیوەست بێت بە دادگای تاوانی نێو دەوڵەتییەوەو ببێتە وڵاتی 125ەمینی ئەندام لەم دادگایە .
 
تۆڕی هاوپەیمانی رێكخراوە كوردستانییەكان لە پێناو دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی- KONCICC 
14-4-2026