بەهرۆز جاف
عەشیرەت پێکهاتەیەکی سەرەکی کۆمەڵگەیە، لە سەرووی یەکە بنچینییەکەدایە کە خێزانە. لەسەردەمانی مرۆڤی سەرەتایی ڕاوکەرەوە عەشیرەت بوونی هەیەو تائێستاش لەزۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی دنیادا، بەپێشکەوتوو و دواکەوتوویانەوە، بەردەوامەو پێشبینیش دەکرێت لەئایندەدا، وێڕای پێشکەوتنی دەوڵەتی مەدەنی و تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی و هەنگاونان بەرەو تاکگەرایییەوە، بەردەوام بێت. عەشیرەت، لە کۆمەڵێک خێزانی هاوپشت، یان خزمایەتی خوێنەوە، پێکدێت و سیستمێکی ئیداری و کۆمەڵایەتی و تەنانەت، لەزۆر حاڵەتدا، سەربازیشی هەیە، کە وەک میراتییەکی کەلتووری بۆی ماوەتەوە.
پەیوەندیی خزمایەتی و بەرژەوەندی هاوبەش خێزانەکانی ناو عەشیرەت، یاخود تاکەکانی، لە سیستمێکی بەهاو دابونەریتی هاوبەشدا پێکەوە دەبەستێتەوە، ئەو بەهاو دابونەریتانەی کە دەبنە هۆی رێکخستنی پەیوەندییەکانی نێو خێزانەکان و تاکەکان لەگەڵ پتەوکردنی گیانی ئینتیماو تەبایی و هاوکاری و هاودەنگی. بۆیە، دەبینین، تاکەکانی عەشیرەت لە خۆشی و ناخۆشیدا هاوبەشن، ئەو هاوبەشییەی کەوا لەعەشیرەت دەکات بتوانێت، بەئاسانی، لەڕێگەی گفتوگۆو نەریتی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتییەوە، کێشە کۆمەڵایەتییەکانی نێو تاکەکانی، یاخود نێو خێزانەکانی، هەروەها لەگەڵ عەشیرەتەکانی دیکەدا، چارەسەر بکات، کە دەبێتە مایەی پاراستنی پەیوەندییەکانی نێو تاکەکانی کۆمەڵگەو بەرقەراربوونی ئاسایش و ئارامی لەوڵاتدا.
پێش هاتنەکایەی دەوڵەتی مەدەنی، عەشیرەت، وەک سیستمێکی دەرەبەگایەتی خاوەن دابونەریت و رێساو یاسای تایبەتی خۆی، هەبووە، کە وەک میرنشینێک رەفتاری کردووە چ ئەگەر رەوەند بووبێت یان نیشتەجێ. لەبەر ئەوەش کە چەمکی نیشتمان بوونی نەبووەو چەمکی دوژمنیش لەوەی ئێستا جیاواز بووە، کە رەنگە وای کردبێت عەشیرەتێکی دیکە، یان دەرەبەگایەتییەکی هاوسنوور، دوژمنی یەکەمی عەشیرەتەکە بێت، کە ئەگەرهاوزمان و هاوئایینیش بووبێت، بەهۆی ناکۆکی لەسەر لەوەڕگەو زەویوزار، یان هەر دوژمنایەتییەکی کۆمەڵایەتی دیکەوە.
دەوڵەتی مەدەنی بەوە ناسراوە کە خاوەن نیشتمانەو هاونیشتمانیان، بەهەموو پێکهاتەکانییەوە، تێیدا، لەچوارجێوەی یەک دەسەڵاتی سیاسی و یەک یاسادا، کۆبوونەتەوە.
رؤڵی عەشیرەت لە دەوڵەتی مەدەنی سەقامگیرو ئارامدا هاندانی تاکەکەنێتی بۆ رێزگرتن لە سەوەربوونی یاساو پارێزگاریکردن لە دامودەزگاکانی حکومەت و ئاسایشی ناوخۆو بەرگریکردن لەنیشتمان لەکاتی پێویستدا، ئەوەش بەڕێگەی هوشیارکردنەوەی تاکەکانی نێو عەشیرەتەکە بەدوورکەوتنەوەیان لە دەمارگیری عەشایەری و گیانی تۆڵەسەندنەوەو هەر دیاردەیەکی خراپی دیکە، کە لەگەڵ یاساو چەمکی دەوڵەتی مەدەنیدا نەگونجاوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە عەشیرەت هەمیشە بەشێکی سەرەکی پڕۆسەی پەروەردەیی نێو کۆمەڵگە بووەو بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشداری لە دانانی رێبازەکانی سیستمی پەروەردە کردووە.
لەدەوڵەتی مەدەنیدا، نەریتی عەشایەری جێگەی دەوڵەت و یاسا ناگرێتەوە، بەهەمان شێوەش ئینتیمای عەشایەری جێگەی هاوڵاتیبوون ناگرێتەوە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە عەشیرەت لە چارەسەرکردنی کێشەکان بێ رۆڵ دەبێت، بەڵکو دەتوانێت رۆحی تەبایی کۆمەڵایەتی، کە بەها کۆمەڵایەتییەکانی نێو عەشیرەت دەستەبەریان دەکات، لەدڵی تاکەکانیدا بچێنێت و ببێتە پاڵپشت بۆ یەکریزی کۆمەڵایەتی کە دەبێتە مایەی کەمکردنەوەی کێشەکان و لەئەنجامدا رێزگرتن لەسەروەری یاسا.
رۆڵی عەشیرەت، لە پتەوکردنی یەکڕیزی کۆمەڵایەتی و پارێزگاریکردن لە ئاسایش و سەقامگیری وڵات، بەزۆری لەو کاتەدا بەرجەستە دەکرێت کە، خوانەخواستە، دەسەڵاتی سیاسی لاواز ببێت و دادگا بەبێ باوان بمێنێتەوەو شکۆی خۆی لەدەست بدات، ئەوکات عەشیرەت رۆڵی خۆی لەرێگریکردن لە بەربڵاوبوونی پاشاگەردانی دەگێڕێت؛ واتە عەشیرەت رۆڵی دووەم هێڵی بەرگری دەگێڕێت، پاش هێڵی یەکەم کە یاسایە، لەدژی پشێوی و نادادیدا. لەهەموو بارودۆخێکیشدا، عەشیرەت دەتوانێت رۆڵی پرد لەنێوان هاووڵاتی و حکومەتدا بگێڕێت، لەوەش زۆرتر دەتوانێت نێوەندگیری نێوان لایەنە سیاسییەکان بکات و تەنانەت ناکۆکییەکانی نێو تاکە لایەنێکیشدا هێوربکاتەوە، وەک چۆن لەچەندین بۆنەدا لەهەرێمی کوردستان بەدی کراوە.