سەرەڕای ئەوەی مووچەخۆران بە نامە لە ڕێگەی مۆبایلەکانیانەوە ئاگادار کراونەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەشێکی مووچەخۆران لە چاوەڕوانیدا ماونەتەوە و پارە نەخراوەتە سەر هەژماری بانکییان.

کێشە لە هەموو بانکەکاندا هەیە

بەشێک لە مووچەخۆرەکان لە بەردەم بانکەکاندا بۆ پەیامنێری کەناڵ8 قسەیان کرد و باسیان لەوەکرد، لە بەیانی زووەوە چوونەتە بەردەم بانکەکان بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان، بەڵام بانکەکان پارەیان تێدانییە و کێشەکەش لە هەموو بانکەکاندایە.

ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی دابەشکردنی مووچەیە

ئەوە لە کاتێکدایە، ڕۆژی ڕابردوو، وەزارەتی دارایی و ئابووری خشتەی مووچەی مانگی شوباتی بڵاوکردەوە، لە ئەمڕۆ  10ـی ئازارەوە دەست بە دابەشکردن دەکرێت و بە سێ ڕۆژ سەرجەم فەرمانبەران، وەزارەت و دەزگا و دەستەکان مووچەکانیان وەردەگرن.

خشتەی دابەشکردنی مووچە لە ڕۆژی یەکەمدا

لە ڕۆژی یەکەمدا خانەنشینانی شارستانیی و پێشمەرگە، زیندانە سیاسییەکان، بەرکەوتووانی کیماباران، کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوان، کاروباری شەهید و ئەنفالکراوان، وەزارەتەکانی پەروەردە، تەندروستی و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی مووچە وەردەگرن.

خشتەی دابەشکردنی مووچە لە ڕۆژی دووەمدا

لە ڕۆژی دووەمیشدا دەستەکانی مافی مرۆڤ، دەستپاکیی، وەبەرهێنان و ژینگە لەگەڵ دەزگای مین، ناوچەکانی دەروەوەی هەرێمی کوردستان و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، دیوانی چاودێریی دارایی، خاوەن پێداویستی تایبەت، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، وەزارەتەکانی دارایی و ئابووری، ناوخۆ، داد، ئەنجوومەنی دادوەری، پلاندانان، بازرگانیی و پیشەسازیی، سامانە سروشتییەکان، گواستنەوە و گەیاندن، کشتوکاڵ، شارەوانی و گەشتوگوزار کار کاروباری کۆمەلایەتیی، ڕۆشنبیریی و لاوان، کارەبا، ئەوقاف، هێزەکانی زێرەڤانیی و فەرماندەی بەرگری و فریاکەوتن، سەرۆکایەتی پەرلەمان، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان مووچە وەردەگرن.

خشتەی دابەشکردنی مووچە لە سێیەم ڕۆژدا

لە کۆتا ڕۆژیشدا کە دەکاتە 12ـی مانگ وەزارەتی پێشمەرگە کە پێکهاتووە لە دیوان و لیواکان، لەگەڵ یەکەکانی 70 و80، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دام و دەزگا نەوتییەکان، ئەنجوومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایش مووچەیان پێدەدرێت.