ماوەیەکە باسوخواسى بوونەوەرە ئاسمانییەکان، لە ناو کۆشکی سپی و میدیاى ئەمریکا و جیهان گەرمە، پێشتر بوونەوەرە ئاسمانییەکان تەنیا لە زنجیرە کارتۆنییەکاندا بینراون، بەڵام ئاشکرا بووە لە دۆسیێ نهێنییەکانی کۆشکی سپیشدا ئەرشیفێکی بەرفراوانیان هەیە.
ئۆباما گۆمەکەى شڵەقاند
چیرۆکەکە دوای دیمانەیەکى باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و وەڵامێکی دۆناڵد ترەمپ سەریهەڵدایەوە.
جارێ با بزانین ئۆباما چی گوتووە؟
شەممەی ڕابردوو، باراک ئۆباما لە دیمانەیەکدا لەگەڵ برایان تایلەر کۆهین، پێشکەشکاری بەرنامەی "پۆدکاست" بوونی بوونەوەرە ئاسمانییەکانی پشتڕاستکردەوە، کاتێک پرسیاری لێکرد، ئایا بوونەوەرە ئاسمانییەکان ڕاستەقینەن؟ ئۆباما بە پێکەنینەوە گوتی "بەڵێ ڕاستەقینەن، بەڵام من نەمبینیوون".
هەر ئەوەندە نا، بەڵکو ئاماژەی بەوەشکرد، "هیچ دامەزراوەیەکی نهێنی لەژێر زەوی نییە، مەگەر پیلانگێڕییەکی گەورە ڕووبدات کە تەنانەت لە سەرۆکی ئەمریکاش شارابێتەوە".
کاردانەوەى لێکەوتەوە
ئەم گوتانەی ئۆباما بەزوویی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەوە و کاردانەوەی زۆریان هەبوو، دواتر خۆى باسیلەوەکرد بۆ خۆشى ئەوەى گوتووە.
"ئۆباما زانیارییەکانى دزە پێکرد"
بەڵام کار بەوەوە نەوەستا و دۆناڵد ترەمپ لە بەردەم فڕۆکەکەیدا وەڵامی دایەوە و گوتی "ئۆباما زانیاریی نهێنی دزە پێکردووە و نەدەبوو ئەو کارە بکات".
ترەمپ: ئۆباما هەڵەیەکى ترسناکى ئەنجامدا
ترەمپ گوتیشى "نازانم بوونەوەرە ئاسمانییەکان ڕاستەقینەن یان نا، بەڵام دەزانم کە ئۆباما هەڵەیەکی ترسناکی ئەنجامداوە".
ترەمپ فەرمانیکرد بڵاوبکرێتەوە دواتر سڕرایەوە
پاشان ڕۆژێک دواتر ترەمپ فەرمانیکرد بە بڵاوکردنەوەی سەرجەم ئەو بەڵگەنامانەی حکومەتی ئەمریکا لەبارەی بوونەوەرە ئاسمانییەکان هەن، چەند کاتژمێرێک دوای ئەم فەرمانە بەڵگەنامەکان کە سەدان گێگابایت بوون لە سێرڤەری سەرەکیی ماڵپەڕی حکومەتی ئەمریکا سڕانەوە.
بەرپرسانى ماڵپەرى حکومەتى ئەمریکا چى دەڵێن؟
بە گوێرەی ڕۆژنامەی دەیلی مەیڵی بەریتانی، جۆن گرینڤاڵد جونیۆر، لێکۆڵەری بوونەوەرە ئاسمانییەکان کە نزیکەی 30 ساڵە سەرپەرشتیی ماڵپەڕەکە دەکات ڕایگەیاندووە، مۆڵەتی دەستڕاگەیشتن و دەستکاریکردنی بەشێک لە دۆسییەکان گۆڕاون و تۆماری خاوەندارێتیان دەستکاریکراوە.
ئەرشیفەکانى ساڵى 1940-1950
لە ئەرشیفەکەدا بەشێک لە ڕاپۆرتی بنکە سەربازییەکان، گوتەی شایەتحاڵەکان و ڕێنماییەکانی سی ئای ئەی هەبووە کە مێژووەکەیان بۆ ساڵانی 1940 – 1950 دەگەڕێتەوە.
ئەمریکا بەنهێنى کارى پێدەکات
بە گوێرەی دەیلی مەیڵ، دۆسییەکان باسى ئەوەیان تێدا بووە ئەمریکا بە نهێنی کار بۆ وەرگرتن و بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای دەرەوەی زەوی دەکات.
دۆسیێکان نهێنى گەورەى تێدایە
تاوەکو ئێستا ئیدارەى ئەمریکا بوونی بوونەوەری ئاسمانیی لە دەرەوەی زەوی ڕەتدەکاتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە هیچ بەڵگەیەکی فیزیکی نییە بۆ سەلماندنى بۆچوونەکان، بەڵام نهێنیی سڕینەوەی دۆسییەکان و جێبەجێنەکردنی فەرمانەکەی ترەمپ دەریدەخەن ئەم دۆسییە نهێنیی زیاترى تێدایە و پێدەچێت هاوشێوەى دۆسییە ئابڕووبەرەکانی جێفری ئێپستین ماوەیەک ببنە باسوخواسى گەرم.