118 ساڵە لە وڵاتانی جيهاندا هەشتی مارس وەک ڕۆژی جيهانی ژنان دياريکراوە و ياد دەکرێتەوە و چالاکی تايبەتی تيادا دەکرێت، هەندێک کات باس لە سەرکەوتنەکانی ژنان دەکرێت و هەندێک کاتيش گرفت و نەهامەتييەکانيان.
ژنانی نيويۆرک لەو ڕۆژەدا داوای مافەکانيان کرد
سەرەتای ڕۆژی جيهانی ژنان بۆ ساڵی 1908 دەگەڕێتەوە، کاتێک لە خۆپيشاندانێکدا 15 هەزار ژنی کارکەر لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا ناڕەزایيان دەربڕی و داوایان کرد، کاتژمێرەکانی کارکردنيان بۆ کەمبکرێتەوە، کرێی کارەکانيان بۆ زیادبکرێت و مافی دەنگدانيان لە هەڵبژاردندا هەبێت، چونکە تاوەکو ئەو کاتە و ساڵانی دواتريش ژنان لە پياوان زياتر کاريان دەکرد و کرێی کەمتريشيان وەردەگرت.
ژنان مووچە لە پیاوان کەمتر وەردەگرن
تەنانەت ئێستاش، بەگوێرەی ئامارە جيهانييەکان، لە بەشێک لە وڵاتاندا ئەو جياوازييە هەيە و ژنان مووچەی کەمتر لە پياوان وەردەگرن.
بۆنەیەکی ساڵانە
ساڵێک دوای ئەو خۆپيشاندانە ڕۆژەکە ياد کرايەوە و ئيتر بوو بە بۆنەيەکی ساڵانە، نەتەوەيەکگرتووەکانيش لە ساڵی 1975دا دانی پێدا نا و لەو ساڵەوە يادی دەکاتەوە و هەر ساڵە و ناونيشانێکی بۆ دادەنێت و ناونيشانی ئەمساڵ بريتييە لە (مافەکان، دادپەروەری، کردار بۆ هەموو خانمان و کچان).
8ـی مارس چۆن ياد دەکرێتەوە؟
ڕۆژی جیهانیی ژنان، لە زۆرێک لە وڵاتان وەک جەژن تەماشا دەکرێت و لەو ڕۆژەدا گوڵ و دياری پێشکەش بە خانمان دەکرێت، وەک ڕووسیا، چين، ئيتاڵيا و ڤێتنام تياياندا ڕێژەی فرۆشتنی گوڵ زياد دەکات.
لە چین لە ڕۆژی هەشتی مارسدا، ژنانی فەرمانبەر و کارکەر نیوەی ڕۆژەکەیان بۆ دەکرێتە پشوو، لە ئیتاڵیا دەکرێتە ئاهەنگی گوڵبەخشینەوە هەیە و پێی دەگوترێت فێستیڤاڵی دێلا دۆنا، لە ئەمریکا، ڕاگەیێنراوى فەرمیی سەرۆکی وڵات بۆ ژنان دەخوێنرێتەوە و کارەکانيان بەرز دەنرخێنرێت.
لە نزيکەی 30 وڵاتی جيهانيشدا ئەو ڕۆژە کراوە بە پشووی فەرمی وەک (ئەفغانستان، بيلاڕووس، کەمبۆدیا، جۆرجیا، کازاخستان، قرغیزستان، مۆڵدۆڤا، مەنگۆلیا، تاجیکستان، ئۆکرانیا و وڵاتانی ديکە).
جا ئەگەر دەشپرسن ئايا ڕۆژی پياوانيش هەيە؟
وەڵامەکەی بەڵێيە، ڕۆژی 19ـی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێک، بە ڕۆژی جیهانیی پیاوان دانراوە، ئەو ڕۆژە لە 60 وڵات بە فەرمی دانی پێدا نراوە، بەڵام نەتەوەيەکگرتووەکان بە فەرمی نەيناساندووە، دروشمەکانی ئەو ڕۆژە بريتين لە بایەخدان بە تەندروستیی پیاو و بەهێزکردنی پێوەندیی نێوان هەردوو ڕەگەز و دروستکردنی یەکسانی لە نێوانیاندا.