سەرۆکى ڕووسیا هۆشدارى لە ڕاگرتنى تەواوەتى بەرهەمهێنانى نەوت دەدات و دەڵێت: وڵاتەکەى هەمیشە دابینکەرێکی وزەی متمانەپێکراو بووە و چاوەڕێى ئاماژەیەکى ئەورووپییەکانیشن بۆ کارکردن لەگەڵیان.

تاوتوێی بازاڕی وزە

ڤیلادیمیر پووتن، لە میانى کۆبوونەوەى لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانى باڵاى وڵاتەکەى لە کۆشکى کرێملن، بارودۆخی بازاڕەکانی نەوت و غازی جیهان و پلانەکانى داهاتووی ڕووسیایان بە لەبەرچاوگرتنی بەرزبوونەوەی نرخەکانى وزە تاوتوێ کرد.

بایەخی گەرووی هورمز

سەرۆکى ڕووسیا ڕایگەیاند، نزیکەی یەک لەسەر سێی هەناردەکردنی نەوتی جیهانی لە ساڵی 2025دا بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕیوە، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی کردەوەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕێگەکە بە شێوەیەکی کاریگەر داخراوە.

مەترسی ڕاگرتنی تەواوەتی هەناردەی نەوت

گوتیشی، "بەرهەمهێنانی نەوت کە پشت بە گەرووى هورمز دەبەستێت، مەترسیی ئەوەی هەیە لە مانگی داهاتوودا بە تەواوی ڕابگیرێت و لە ئێستاوە دەستی بە دابەزین کردووە".

هۆشداری لە ناسەقامگیری ناوچەکە

سەرۆکى ڕووسیا هۆشداریدا لەوەى هەوڵدان بۆ ناسەقامگیریی ناوچەکە دەبێتە هۆی مەترسی لەسەر کەرتی سووتەمەنی و وزەی جیهانی و بەرزبوونەوەی نرخی وزە و لەماوەی چەند ڕۆژى ڕابردوودا نرخی نەوت زیاتر لە 30% بەرزبووەتەوە و ئەگەرى بەرزبوونەوەى زیاتریشى هەیە.

ڕووسیا دابینکەری وزەی متمانەپێکراو

پووتن ئاماژەى بەوەشکرد، "لەژێر کاریگەریى بارودۆخی ئێستادا، کێبڕکێ لە نێوان کڕیاران بۆ دابینکەرانی وزە، بۆ دڵنیابوون لە دابینکردنی جێگیر و پێشبینیکراو، چڕتر دەبێتەوە و ڕووسیا هەمیشە دابینکەرێکی وزەی متمانەپێکراو بووە و بەردەوامیش دەبێت لە دابینکردنی وزە بۆ ئەو وڵاتانەی کە متمانەپێکراون، لەنێویاندا سلۆڤاکیا و هەنگاریا.

ئامادەیی بۆ کارکردن لەگەڵ ئەروپییەکان

لە بەشێکى دیکەى گوتەکانیدا ڕاشیگەیاند، ڕووسیا ئامادەیە لەگەڵ ئەوروپییەکان کاربکات، بەڵام پێویستیان بە هەندێک ئاماژە هەیە لەلایەن ئەوانەوە، کە ئامادەن.

سەرۆکى ڕووسیا داواشی لە کۆمپانیا ناوخۆییەکانی وزە کرد کە سوود لە دۆخی ئێستا وەربگرن، بە کەمکردنەوەی بارگرانی قەرزەکانیان و دەشڵێت: ئەگەر ڕووسیا ئێستا خۆی ئاڕاستەی بازاڕە نوێیەکان بکاتەوە، دەتوانێت پێگەیەک بەدەستبهێنێت.