شەڕی میدیایی لە نێوان بەرە بەشەڕهاتووەکان تەشەنە دەکات.

 
 
لە پاڵ درۆن و موشەک و بۆردومانەکاندا، شەڕی میدیایی نێوان بەرە بەشەڕهاتووەکان تا دێت زیاتر تەشەنە دەکات. ترس لە میدیا، ناوچەکەی گرتووەتەوە. بڕیار و ڕێنماییەکانی تایبەت بە قەدەغەی ڕووماڵ قسەی زۆرتر هەڵدەگرن. ئێمە پێویستمان بە ڕووماڵێکی پیشەییە، کە لە چوارچێوەیەکی نیشتمانیدا بێت و بێ بەش نەبین لە مافی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و دەست نەخەینە بینی ئازادی کاری میدیا و فۆرمێکی جیاواز لە فۆرمی وڵاتانی ناوچەکە دابڕێژین، کە مۆرکی کوردیانەی هەبێت و ببێتە بناغە بۆ داڕشتنی بنەماکانی میدیای نیشتمانی.
کاریگەری میدیا
لە کاتی کێشمەکێش و ململانێ و پێکدانە ئەمنی و سەربازییەکاندا، ئەوەی زۆرتر قسەی لە بارەوە دەکرێت میدیایە. ئەمەش هۆکارەکەی کاریگەری میدیایە لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان.
لە شەڕی تیرۆردا، ئەو ڕاستییە زۆرتر بەرجەستەبوو، کە ڕووماڵی میدیا دەتوانێت بەشێکی گرنگ و کاریگەری بەدیهێنانی ئامانجەکانی کردەی تیرۆریستی بێت. خودی تەقینەوە و کردەوە تیرۆریستییەکان، بێ دەنگدانەوەی میدیایی هیچیان لێ شین نابێت، لێرەوە گفتوگۆیەکی درێژ سەبارەت بە دوانەی میدیا و تیرۆر هاتەکایەوە.
لە شەڕیشدا، شێوازەکانی شەڕی دەروونی (دەنگۆ، پڕوپاگەندە) بە شێوەیەکی بەرچاو، کاریگەری و ئامادەییان هەیە، بە مەبەستی زەفەربردن بە بەرەی نەیار، ئەمەش لە سەردەمی وەزارەتی پڕوپاگەندەی نازیدا کاریگەرییەکەی گەیشتە ترۆپک و بووە مەیدانێکی فراوانی توێژینەوە کۆمەڵناسی و دەروونزانی و میدیاییەکان.
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
لە هەلومەرجی نوێی میدیاییدا، لە تەک میدیای کلاسیکدا و شانبەشانی ڕۆژنامەوانی پیشەیی و ناسراوی کەناڵەکان، ڕۆژنامەوانی هاووڵاتیش لە مەیدانەکەیە، کە مەبەست لێی بەکارهێنەر و بەرهەمهێنەرانی ناوەڕۆکی میدیاییە بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
ئەم جۆرەی دووەمی میدیاکار، کۆنترۆڵکردنی ئەستەم و لەقاڵبدانی مەحاڵە، چوون، ئەم جۆرە میدیاکارە، هیچ سەرەدەرییەک لە بارەی پیشەی ڕۆژنامەوانی نازانێت، وابەستەی گرێبەستی کار و سیاسەتی میدیایی هیچ کەناڵ و دامەزراوەیەکی میدیایی نیە، بۆیە خۆڕسکانە و بێ ڕتووش و دەستکاری ئەوەی دەستی دەکەوێت و بەرچاوی دەکەوێت، دەتوانێت بیگێڕێتەوە و وێنەی بگرێت و بڵاوی بکاتەوە.
جیاکردنەوەی ڕاست لە ناڕاست و زانیاری زیانخەڕۆ و شێوێندراو لە زانیاری پشتڕاستکراو، ساختە لە دروست، دیمەنی ڕاست و دروستکراو، پێویستی بە خوێندەواری میدیاییە، بەشێک لە میدیاکارانی دامەزراوەکان توانایان بەسەریدا ناشکێ، چ جای بەکارهێنەرێکی ئاسایی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بۆیە زۆرتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرکەوتەمان لەگەڵ چەواشەکاری و لێشاوی ساختەهەواڵ و زانیاری شێوێندراو دەبێت.
میدیا لە کەنداو
وڵاتانی کەنداو، (کە ناوبانگێکی باشیان لە ڕووی ئازادی کاری ڕۆژنامەوانی نیە)، هەر لە یەکەم ڕۆژی شەڕی ئێران، کەوتنە خۆ بۆ ڕێگری لە دەرفەتی بڵاوبوونەوەی وێنە، ڤیدیۆ و زانیاری لە بارەی هێرشەکانەوە. بۆ ئەو مەبەستە چەندین بڕیاریان دەرکرد و تا ڕادەیەکی زۆر دەستیان خستووەتە بینی ئازادی کاری میدیایی و ڕۆژنامەنووسان.
بابەتێک بۆ گفتوگۆ
لەو کێشمەکێشەدا، پاساوەکانی بەرەی میدیاکاران و بەرەی دەسەڵاتداران جێی گفتوگۆ و تاوتوێکردنی زیاترە.
* کاتێک دەسەڵات پێی وایە، میدیا بە ڕووماڵکردنی شوێنی تەقینەوە و هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی ئێران، یارمەتیدەرێکی گەورەی ئێرانە، (ئەمە ڕاستە)، چونکە ئەوەی ئێران دەیەوێت بیستنی دەنگی تەقینەوەکەیە لە ڕێگەی میدیا و پیشاندانی ئاگر و وێرانکاری شوێنی بۆردومانەکانییەتی. وێنە و ڤیدیۆکانن ئامانجەکەی دەپێکن، نەک تەنیا درۆن و موشەکەکان.
* لە بەرامبەردا، زەوتکردنی مافی هاووڵاتی بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانیاری، ئازادی بڵاوکردنەوە، پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤ و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانە.
* هەروەها پاساوی، دەسەڵات بەوەی مافی کۆی گشتیی کۆمەڵگە و سەلامەتی و سەقامگیری ئەمنی کۆمەڵگە لە سەرووی مافی تاکەوەیە بۆ بڵاوکردنەوە، ئەمەش جێی گفتوگۆی پترە.
یاسا لە هەرێمدا
لە هەرێمی کوردستان، دەقە یاساییەکان کەلێنی ئەوەیان تێدایە، کە لە داڕشتنیاندا ڕەچاوی دۆخی جیاجیا نەکراوە.
* لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، ژمارە 3ی 2006، لە ماددەی چوار، چەند کارێک بە تاوانی تیرۆر ناسێنراون و سزای 15 ساڵ زیندانیان بۆ دیاریکراوە، یەکێک لە کارەکان پەیوەستە بە بواری میدیا و لە بڕگەی 4دا هاتووە: ((به‌ئه‌نقه‌ست، هه‌واڵ، روونكردنه‌وه‌، یان پڕوپاگانده‌یه‌كی تۆقێنه‌ر بڵاو بكاته‌وه‌، هۆیه‌كانی ڕاگه‌یاندنی بینراو، بیستراو، خوێندراو، یان ئه‌له‌كترۆنی به‌هه‌ڵ وه‌ربگرێت، یان به‌كاریان بێنێت، له‌ ئه‌نته‌رنێت به‌یاناتی ئه‌وتۆ بڵاوبكاته‌وه‌ كه‌ راسته‌وخۆ بگاته‌ ڕاده‌ی هاندان بۆ ئه‌نجامدانی تاوانی تیرۆركاری وه‌ها كه‌ ئاسایشی گشتی بخاته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ و ترس بخاته‌ نێو هاوڵاتیان وهه‌ڕه‌شه‌ له‌ قه‌واره‌ی سیاسی هه‌رێم بكات)).
سەرەڕای گشتگیرییەکەی و جیانەکردنەوەی ڕووماڵی پیشەیی لە تاوانی بڵاوکردنەوە و لەبەرچاونەگرتنی بنەما پیشەییەکانی کاری میدیایی و ئازادی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن، ئەم دەقە دەکرێت ببێتە پشتەوانێکی یاسایی بۆ ئەو بڕیار و ڕێنماییانەی کە بۆ سنووردارکردنی کاری میدیایی دەردەکرێن.
* لە یاسای ڕۆژنامەگەری لە کوردستان ژمارە 35ی ساڵی 2007، بە دەق لە ماددەی دووەمی یاساکە لە بڕگەی یەکەمیدا هاتووە: ((رۆژنامه‌گه‌ری ئازاده‌و هیچ سانسۆرێكی له‌سه‌رنییه‌ و ئازادیی ده‌ربڕین و بڵاوكردنه‌وه‌ بۆ هه‌موو هاووڵاتیان ده‌سته‌ به‌ره‌، له‌ چوارچێوه‌ی رێزگرتنی ماف و ئازادییه‌ تایبه‌تیه‌كانی تاكه‌كانء تایبه‌تمه‌ندیی ژیانیان به‌پێی یاسا و پابه‌ند بوون به‌ ئیتیكی رۆژنامه‌گه‌ری به‌پێی به‌لێننامه‌ی فیدراسیۆنی نێوده‌وڵه‌تیی رۆژنامه‌نووسان -ساڵی 1954 هه‌مواركراو-)).
هەروەها لە بابەتی پشتەوانەی یاسایی و مافی ڕۆژنامەنووسدا، لە ماددەی هەشتەمی یاساکەدا هاتووە: ((یه‌كه‌م: له‌كاتی گرتنه‌به‌ری رێكاری یاسایی به‌رامبه‌ر به‌ رۆژنامه‌نووس كه‌ به‌كارێك تۆمه‌تبار ده‌كرێ په‌یوه‌ندی به‌ پیشه‌كه‌یه‌وه‌ هه‌یه‌، سه‌ندیكای لێ ئاگادار ده‌كرێته‌وه‌.
دووه‌م: نابێ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووس بكرێ، یا شوێنی كارو ماڵه‌كه‌ی بپشكنرێ له‌به‌ر ئه‌و هۆیه‌ی له‌ بڕگه‌ی (یه‌كه‌م)ی ئه‌م مادده‌یه‌دا هاتووه‌ مه‌گه‌ر به‌ بڕیاری دادوه‌ریی نه‌بێ و نه‌قیب یان ئه‌وه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی یاسایی جێی ده‌گرێته‌وه‌ بۆی هه‌یه‌ له‌ كاتی لێكۆڵینه‌وه‌دا ئاماده‌بێ.
سێیه‌م: له‌ هه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی سزاییدا، نابێ دیكۆمێنت و زانیاری و به‌یاننامه‌و په‌ڕاوگه‌كانی رۆژنامه‌نووس به‌ به‌ڵگه‌ی تۆمه‌تباركردن له‌ دژی به‌كاربهێنرێ، ته‌نیا مه‌گه‌ر په‌یوه‌ندییان به‌ بابه‌تی سكاڵای تۆماركراو له‌ دژی رۆژنامه‌نووسه‌وه‌ هه‌بێت.))
لە ماددەی دوازدەهەمی یاساکەشدا هاتووە: ((كار به‌هیچ ده‌قێك ناكرێ كه‌ له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ناكۆك بێ.)).
* ئەم دەقە یاسایانە بەرکارن، لە پاڵیشیاندا یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969 بە هەندێک هەمواری سنووردارەوە لە هەرێمی کوردستان بەرکارە.
* لە پاڵ ئەم دەقانەدا، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان کار بە ڕێنمایی ژمارە 1ی ساڵی 2014 دەکات، ڕاسپاردە و ڕێنماییەکانی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە بە گەڕانەوە بۆ ئەو ڕێنماییە دەردەکرێن.
بەڵام جێی سەرنجە، لە ڕاگەیەندراوەکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاریدا، بە تایبەت بڕیاری قەدەغەی ڕووماڵ ڕۆژی 12ی ئازاری 2016، هیچ ئاماژەیەک بۆ پشتەوانەی یاسایی بڕیارەکە نیە؟ ئەمە جێی سەرنجە.
هەروەها لە ڕاگەیەندراوی هەینی 13ی ئازاری 2026ی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: ((بەهۆی ئەو بارودۆخە ئەمنی و هەستیارەی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە پێیدا تێپەڕ دەبێت، ئەركی هەموو دەزگەكانی ڕاگەیاندن و لایەنە پەیوەندیدارەكان و سەرجەم هاووڵاتییانە كە بەوپەڕی بەرپرسیارێتیەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە بكەن و خۆیان لە هەرجۆرە ڕەفتارێك یان بڵاوكردنەوەی زانیاری و نهێنییەك بپارێزن كە خزمەتی نەیارانی كوردستان دەكات و زیان بە ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم دەگەیەنێت.
هەر بۆ ئەو مەبەستە فەرمان بە دژەتیرۆری كوردستان كراوە كە هەر دەزگەیەكی ڕاگەیاندن بە بڵاوكردنەوەی زانیاری و نهێنییەكان و پۆششدانی ناپرۆفیشناڵانەی هەواڵەكانی شەڕ و پەلامارەكانی دوژمن، زیان لە ئاسایشی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بدات، دەستبەجێ ئەو دەزگەیە لەلایەن دژەتیرۆری كوردستانەوە ڕووبەڕووی لێپیچینەوە دەبێت و بەپێی یاسا ڕێکاری پێویستیان بەرامبەر دەگیرێتە بەر، هەروەها هەر بەرپرسێكیش بەهۆی لێدوانەكانی ببێتە هۆی ئاشكرابوونی زانیاریی هەستیار و لێدوانەكانی خزمەتی دوژمن بكات و زیان لە ئاسایشی هەرێم بدات، بەپێی یاسا لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت)).
لەم ڕاگەیەندراوەشدا ڕوون نیە، بە پشتبەستن بە کام دەقی یاسایی ڕێکاری پێویست دەگیرێتە بەر، ئەمە کەلێنی نێو دەقی ڕاگەیەندراوەکانە، کە دەکرا وردتر بوونایە، بۆ ئەوەی نیگەرانی میدیاکاران بڕەوێتەوە و بزانن ئەو چوارچێوە یاساییە کامەیە دەتوانن لە بۆتەیدا کاری میدیایی بکەن. چونکە ئەم لێڵییەی هەیە، دەکرێت هەڵاواردنی تێدا بکرێت و بەشێک لە کەناڵ و میدیاکاران ڕووبەڕووی "لێپێچینەوە" ببنەوە و بەشێکیشیان دەرباز بن.
سەرباری هەموو ئەوەی وترا
ئێمە لە دۆخێکی هەستیار و نالەبارداین، هەرێمی کوردستان بە فەرمی خۆی پاراستووە لەوەی ببێتە بەشێک لە شەڕ و پێکدادانەکان، ئەمە دەکرێت ئەو چوارچێوە میدیاییە بێت، کە میدیا تەبەنی بکات و پێیەوە پەیوەست بێـت.
کاتێک هەرێمی کوردستان نەبووەتە بەشێک لە ململانێ و شەڕ، میدیاکەیشی دەبێت خۆی بە دوور بگرێت لەوەی ببێتە سەکۆی شەڕی دەروونی و شەڕی میدیایی لایەنە بەشەڕهاتووەکان. ئەمە لایەکی پابەندییە پیشەییەکان بەدیدەهێنێت.
لە لایەکی دیکەوە، دۆخی نالەباری شەڕ، لێکەوتەی مەترسیداری لەسەر ئاسایشی کۆمەڵگە، پەیوەندییەکان، جووڵەی بازرگانی، بازاڕ، سەقامگیری و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی دەبێت، ئەرکی میدیایە بەرپرسیارانە لە هەمبەر ئاسایشی هەرێم، ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی، ژیانی حزبی و سیاسی، پەیوەندییەکان، بازاڕ، ئاسایشی دەروونی تاک و کۆمەڵ کار بکات و نەبێتە جاڕچی شەڕی میدیایی و پڕوپاگەندەیی لایەنە بەشەڕهاتووەکان.
گرنگە ئەوەمان لەبەرچاو بێت، خودی ڕووماڵکردن لە چوارچێوەیەکی میدیایی و پیشەییدا، ترس و نیگەرانی ناوێت، حەوجێ بە قەدەغەش ناکات، بە تایبەت ئەگەر چارەسەرە میدیاییەکە خرابێتە ئەو چوارچێوە میدیاییەی، کە هەرێمی کوردستان بەشێک نیە لە شەڕ، نابێتە مەیدانێکیش بۆ هەڕەشەکردن و کردەی سەربازی دژی بەرەکانی شەڕ.
هەروەها ئەوەشمان لەبەر چاو بێت، کە ناکارایی میدیای ناوخۆ لە ڕووماڵی ڕووداوەکان بە گوێرەی چوارچێوەی میدیایی پەسندکراو، دەرفەت دەداتە میدیای دەرەکی تا بە گەز و پیمانی خۆیان، ئاراستەی ڕایگشتی ناوخۆ بکەن، چونکە لە کاتی قەیران و ململانێدا، تاک، یان وەرگر پێویستی بە زانیارییە، کاتێ میدیای کوردی هیچی لێ هەڵناوەرێت، ناچار دەبێت هانا بۆ میدیای دەرەکی ببات، ئەو کات لێکەوتەی دیکەی دەبێت و ئاراستەی بیرکردنەوەی دەکەوێتە دەست سەرچاوە دەرەکییەکان.
بۆیە باشترە، ڕێنمایی و بڕیارەکان ڕوون بکرێنەوە، بنەما پیشەییەکان، دەقە یاساییەکان و بەرژەوەندی باڵای کۆمەڵگە بکرێنە پێوەر بۆ ڕووماڵی میدیایی و وەرگری کورد، ئەرخەیان بێت، کە دەستی بە زانیاری دروست ڕادەگات و دیدگایەکی نیشتمانی لە بارەی ڕووداو و پێشهاتەکان لا گەڵاڵە بێت.