چەکێکی دووسەرە لە نێوان خزمەتگوزاریە مرۆییەکان و تاوانە دیجیتاڵیەکاندا.

شۆڕشی زیرەکی دەستکردو قەیرانی یاسا 
چەکێکی دووسەرە لە نێوان خزمەتگوزاریە مرۆییەکان و تاوانە دیجیتاڵیەکاندا .
دەریا رحیم محمد 
دەرچووی بەشی یاسا 
ئایا دەزانیت ئەو وێنە و دەنگەی ئەمڕۆ بەبێ ویستی تۆ بڵاودەبێتەوە ، ڕەنگە هەرگیز لە ڕاستیدا ڕووی نەدابێ ؟ 
لەسەردەمێکدا دەژین کە تەکنەلۆژیا ئامڕازێک نیە تەنها بۆ ئاسانکاری بەڵکو بۆتە بەشدار بوو لە بڕیارە مرۆییەکاندا ، زیرەکی دەستکرد بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر سنورەکانی نێوان خەیاڵ و ڕاستی  تێپەڕاندووە . سەردەمانیک بوو دەمانگوت ( بەڵگەی دیجیتاڵی ) درۆ ناکات بەڵام ئەمڕۆ لەبەردەم شەپۆلێکی ترسناکی ساختەکاری زیرەکی دەستکرد (AI ) ی داین . ئەو بڕوایەی جارێک بە وێنەیەک یان دەنگێکی تۆمارکراو دەکرا ، ئەمڕۆ بۆتە ئامڕازێکی کوشندە بۆ تێکدانی ژیان و شکاندنی شکۆی مرۆڤ . 
پرسیارە سەرەکیەکە لێرەدا ئەوەیە ئایا یاسای عێراقی ئامادەیە بۆ ڕوبەڕوو بونەوەی تاوانە دیجیتاڵیە نوێیەکان ؟ 
وەک دەزانین یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (١١١) ی ساڵی (١٩٦٩) و یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی ژمارە (٦) ی ساڵی (٢٠٠٨) لەسەردەمێکدا نوسراون کە زیرەکی دەستکرد تەنها خەیاڵ بووە ئەمەش بۆشاییەکی یاسای گەورەی دروست کردووە ، چونکە هیچ دەقێکی ڕاشکاونیە کە جیاوازی بکات لەنێوان تاوانەکانی زیرەکی دەستکرد و تاوانەکانی تر . 
یاسای سزادانی عێراقی کۆنە و زیرەکی دەستکردیش نوێیە ، بۆیە لەکاتی تاوانی دیجیتاڵیدا بۆشاییەکی گەورە هەیە ، لەم حاڵەتەدا یاسا لەبەردەم ڕێگایەکی  داخراودایە ، چونکە نازانێت ئایا پەنجەی تۆمەت بۆ بەرنامەسازەکە ڕابکێشێت یان بەکارهێنەرەکە یان خودی ئامێرەکە . ئەم تەمومژاویە یاساییە بۆتە دەرچەیەکی ئاسان بۆ تاوانباران تا لەژێر سێبەری ( هەڵەی تەکنیکیدا ) لە سزاکان ڕزگاریان ببێت. 
لێرەوە پرسیارێکی چارەنووسساز دێتە ئاراوە :
لەناو ئەم تەمومژە یاساییەدا کاتێک تاوانێکی زیرەکی دەستکرد ڕوودەدات ئایا کام یاسا بەرکار دەبێت ؟ لەکاتێکدا ئێمە بنەمایەکمان هەیە کەدەڵێ ( لا جریمة ولا عقوبة الا بنص ) واتە هیچ تاوان و سزایەک نیە بەبێ دەق ، ئەی ئەم بنەمایە چی لێ بەسەردێت ؟ 
کاتێک تاوانێک ڕوودەدات و هیچ دەقێکی یاسای ڕوون لەیاسای سزاداندا نیە بۆ سزادانی لێرەدا دادوەر ڕووبەڕووی بەربەستێکی یاسای دەبێتەوە بەهۆی بنەمای ( لا جریمة ولا عقوبة الا بنص) 
بەڵام بەهۆی ئەوەی دادوەر ناتوانێت داوایەک پشتگوێ بخات یان بڵێت دەقێک نیە لێرەدا دادگا و فیقهی یاسای ڕێگەی تری بۆ دادوەر دیاری کردوە لەو حاڵەتەدا دادوەر ئەم هەنگاوانە دەنێت ئەوانیش :

١/ گەڕان بەدوای ماددە گشتیەکاندا :
دادوەر هەوڵ دەدات تاوانە نوێیەکە یان شێوازی ساختەکاریەکە ببەستێتەوە بەماددە گشتیەکانی ناو یاسای سزادانی عێراقیەوە . بۆ نمونە : ئەگەر زیرەکی دەستکرد بەکارهاتبێت بۆ دروستکردنی وێنەی نەگونجاوی کەسێک و بڵاوکردنەوەی لەوانەیە دادوەر پەنا بۆ ماددەکانی تایبەت بە تشهیر و ناوزڕاندن  یان خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی ) بەرێت . تەنانەت ئەگەر ڕاستەوخۆ ئاماژە بۆ زیرەکی دەستکرد لەناو دەقەکەدا نەکرابێت . یاخود ئەگەر بەمەبەستی فێڵکردن و وەرگرتنی پارە بەکارهاتبێت دادوەر ماددەی فێڵکردن ( النصب و الاحتیال ) بەکاردەهێنێت . 

٢/ شیکردنەوە و لێکدانەوەی یاسای ( التفسیر القانوني ) : دادوەر لە ڕێگەی لێکدانەوەی فراوان ( التفسیر الواسع ) هەوڵدەدات بزانێت ئایا ناوەڕۆکی تاوانەکە دەچێتە ژێر چەتری مەبەستی گشتی یاساکە یاخوود نا . لێرەدا دادوەر پشت بەو بنەمایە دەبەستێت کە پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و شکۆی مرۆڤ لەسەرووی هەمووشتێکەوەیە . 

٣/ ڕۆڵی شارەزایان ( الخبراء) لە سەلماندنی تاوانەکانی زیرەکی دەستکرد : کاتێک دادوەر ڕووبەڕووی وێنەیەک یان ڤیدۆیەک یان دەنگێکی گوماناوی دەبێتەوە ( کە گومان دەکرێت بە AI دروستکرابێ ) ڕاستەوخۆ دۆسیەکە و بەڵگەکان ڕەوانەی بەشی بەڵگەی تاوانەکان (الادلة الجنائیة ) و شارەزایانی تەکنیکی دەکات . هەروەها لەرەی دەنگ و پێکهاتەی وێنە لەلایەن شارەزایانەوە شیدەکرێتەوە لەڕێگەی ئامێرەپێشکەوتووەکانەوە .بۆ نمونە لەدەنگدا بەراوردی لەرەی دەنگ و فریکوێنسەکان دەکەن یان لە ڤیدیۆ و وێنەدا سەیری جوڵەی لێو و سێبەر و پیکسڵەکان دەکەن . لەکۆتاییدا ئەو ڕاپۆرتەی شارەزایان دەیدەن بەدادگا دەبێتە بڕبڕەی پشتی بڕیارەکەی دادوەر ئەگەر شارەزا بڵێت ئەم دەنگە بەتەکنەلۆژیا دروست کراوەو فەیکە ئەوا دادوەر قەناعەتی بۆ دروست دەبێت کە ئەمە ساختەکاریە .

لەکۆتاییدا ئەوەی دەمێنێتەوە بیڵێین ئەوەیە کە با ئەوە لەیاد نەکەین کە لەسەردەمی زیرەکی دەستکرد و وێنە و دەنگە فەیکەکاندا ، چاوو گوێیەکانمان هەمیشە ڕاستیەکانمان پێ ناڵێن ، بۆیە باشترین قەڵغان و پارێزەر لەپێش هەر یاساییەک هۆشیاری خودی خۆتە . هەرگیز بەئاسانی باوەڕ بەهەموو شتێک مەکە کە دەیبینیت یان دەیبیستیت وە پێش ئەوەی باوەڕی پێ بکەیت بە دوای ڕاستیەکەیدا بە چونکە هۆشیاری تاکەکەسی و ژیری لەمامەڵە کردن لەگەڵ تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا ، سەلامەتترین ڕێگەیە بۆ پاراستنی ئارامی و سەروەری ژیانی کەسیمان .