نەخۆشخانە ئەهلییەکان لە کوردستان بوونەتە بازرگانی.

​"لە وڵاتێکدا کە 'تەندروستی' دەبێتە بازرگانی، ئیتر چاوەڕێی کەرامەتی مرۆڤ مەکەن. ئەمڕۆ لە کوردستان، نەخۆشخانە ئەهلییەکان وەک قارچک لە هەموو سووچێک سەریان دەرهێناوە، بەڵام کارەساتەکە ئەوەیە کە ئەم شوێنانە لە بری ئەوەی بنکەی ڕزگارکردنی ژیان بن، بوونەتە 'کۆمپانیای وەرگرتنی پارە' بە مەرجی مانەوە!
زۆر سەیر نییە؟ هەرچی بەرپرس و خاوەن دەسەڵات هەیە، نەخۆشخانەیەکی ئەهلیی گەورەی هەیە، کەچی نەخۆشخانە حکومییەکان 'پەنۆ و لۆکە'شیان تێدا نەماوە! ئەمە پلانێکی سیاسییە؛ پەکخستنی کەرتی گشتی بۆ ئەوەی هاوڵاتیی هەژار ناچار بێت ملیۆنان دینار قەرز بکات و بیباتە بەر دەرگای 'بازرگانانی دەرمان'.
​ لێرە ئەگەر پارەت نەبێت، دەبێت لە نۆرەیەکی بێ کۆتاییدا بمێنیتەوە یان بە ئازارەوە بگەڕێیتەوە ماڵەوە. کاتێک دەچیتە نەخۆشخانەیەکی ئەهلی، پێش ئەوەی بپرسن 'چیتە؟'، دەپرسن 'کێشەکەت چەندە؟'. ئەمە بێویژدانییەکی مۆدێرنە کە تێیدا دکتۆرەکان بوونەتە ژمێریار و نەخۆشەکانیش بوونەتە کڕیار.
​ئەمڕۆ کوردستان پێویستی بە 'ئەخلاقی پزیشکی'یە نەک 'دیکۆری بریقەدار'. کاتێک دەبینین دایەک بۆ نەشتەرگەریی منداڵەکەی دەبێت 'زێڕەکانی بفرۆشێت' یان گەنجێک بۆ چارەسەری باوکی دەبێت 'قەرزی زۆر بکات'، مانای وایە ئێمە لە 'چاخی بەردینی ئەخلاقیدا' دەژین.
​من لێرەم تا بڵێم: کاتێک دەسەڵات نەتوانێت تەندروستیی میللەتەکەی بپارێزێت، ئیتر باس لە کام 'دەستکەوت و گەشەپێدان' دەکەن؟ نەخۆشخانە ئەهلییەکان بوونەتە گۆڕستانی گیرفانی خەڵک و کەسیش نییە چاودێرییان بکات!"
 
مژدە حوسێن
ڕۆژنامه‌نووس