تڕەمپ کارتی فشارەکانی بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران خستە ڕوو، بەڵام ئەمجارەیان بە زمانی بازرگانێکی سەربازی قسەی کرد.

دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جارێکی تر کارتی فشارەکانی بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران خستە ڕوو، بەڵام ئەمجارەیان بە زمانی بازرگانێکی سەربازی قسەی کرد،لێدوانەکانی تڕەمپ تەنها هەڕەشەی سەربازی نەبوون، بەڵکو گوزارشت بوون لە فەلسەفەیەکی نوێی سیاسەتی دەرەوە کە جەخت لەسەر ئابووری، نەوت و پێگەی ستراتیژی دەکاتەوە.
تەنگەی هورمز لێدانی دڵی جەنگەکەیە،
تڕەمپ بە ئاشکرا جەختی لەوە کردەوە کە خاڵی سەرەکی و یەکەمین ئامانجییان کردنەوەی "تەنگەی هورمز"ە،لە دیدی ئەوەوە، ئەم ڕێڕەوە ئاوییە تەنها سنوورێکی جوگرافی نییە، بەڵکو دەمارێکی ئابوورییە کە دەبێت ئەمریکا کۆنتڕۆڵی بکات، بەتایبەت کاتێک تڕەمپ بە ڕاشکاوی دەڵێ: "من بازرگانم و نەوتی ئێرانیشم دەوێت".
ئەو پەیامەی تڕەمپ ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی نوێی تارانیکرد، پەیامێکی بوونگەرایی بوو،کاتێک باس لە وێرانکردنی ژێرخانی وزە و پردەکان دەکات، دەیەوێت بە ئێران بڵێت کە ئاستی جەنگلە ماوەکانی داهاتوو لەسەر ئاستی سەربازی نامێنێتەوە، بەڵکو ئیتر ژێرخانی شارستانییەتەکەیان دەکاتە ئامانج.
هاوکات تڕەمپ وتی "گەر لە ناویان ببەم، سەد ساڵیان دەوێت تا خۆیان ببوژێننەوە"ئەمە لێکدانەوەیەک نییە بۆ شکستی سەربازی، بگرە ئاماژەیە بۆ سڕینەوەی ئابووریی،
جا لە دوای ئەم قسانەی ئەمشەوی تڕەمپ دەتوانین کورد بە هاوپەیمانێکی دوور لە ئاگر ناوببەین،
لە ناو ئەو هەموو ئاڵۆزییەدا، تڕەمپ پەیامێکی تایبەتی بۆ کورد هەبوو،تێیدا دڵنیایی دا لە باشیی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کورد و ئاشکرایکرد کە نایەوێت کورد بچنە ناو جەنگ و ئێران،کە ئەم دەربرینەش دەتوانێت دوو مانای هەبێت'یان پاراستنی ئەمنی کورد لە دەرهاویشتەکانی جەنگ، یان دوورخستنەوەی کورد لە هاوکێشە ناوچەییەکان بۆ ئەوەی ئەمریکا بە ئازادی مامەڵە لەگەڵ دۆخەی ناوچەکەدا بکات..
هەروەها یەکێک لە خاڵەکانی لێدوانەکەی تڕەمپ، بێبایەخکردنی ڕۆڵی "ناتۆ" بوو,ئەو بە ئاشکرا وتی "بە ناتۆم وتووە:پێویستم بە هاوکاری ناتۆ نییە“ئەمە پەیامێکە بۆ ئەوروپا و هاوپەیمانانی کە تڕەمپ چیتر نایەوێت جەنگەکان لە ڕێگەی کۆدەنگی نێودەوڵەتییەوە بەڕێوە ببات، بەڵکو وەک بڵێی دەیەوێت تاکڕەوی لە بڕیاردانی ئەمریکی بکاتە بنەما.
تڕەمپ لە لێدوانەکەیدا خۆی وەک کەسێک ناساند کە جەنگ ڕادەگرێت و ئاشتیخوازە ،هاوکات باسی ئەوەی کرد کە جەنگێکی دیکە هەیە کە پێویستە کۆتایی پێ بهێنرێت(جەنگی ئێستای ئێران)،ئەم گووتارەی ئەمشەوی ستراتیژییەتی ئاشتییە لە ڕێگەی هێزەوە کە بە شێوازێکی توندتر گۆڕاوە بۆ “ڕێککەوتن یان وێرانکاری“.
جا ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە ئایا تاران ئامادەیە ملکەچی ئەم بازرگانە سەربازییە بێت؟ یان ناوچەکە بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی گەورە دەچێت کە تێیدا نەک تەنها حکومەتەکان، بەڵکو ژێرخانی وڵاتانیش دەبنە قوربانی؟
چونکە تڕەمپ بە ڕاشکاوی وتی: چێژ لە جەنگ و کوشتنی خەڵک نابینم،بەڵام وێنەی ئەو پردە ڕووخاوانەی کێشای کە ڕەنگە ببێتە دیارترین دیمەنی مێژوویی ناوچەکە لە ئەگەری شکستپێهێنانی دیپلۆماسیدا.
ئەوەی دەرکەوت لەم لێدوانەی تڕەمپ جەختکردنەوەیەک بوو لەوەی کە ئەمریکا چیتر ئامادە نییە بە "نەرمی" مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی ئێراندا بکات و هەموو بژاردەکان لەسەر مێزن، بەڵام بەو مەرجەی کە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەمریکا بپارێزرێن.