وەزارەتی کارەبا ڕایگەیێنێت کە زیاتر لە 8.7 ملیار دینار گەڕاوەتەوە بۆ هاوبەشانی ماڵان.

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD— وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیێنێت کە زیاتر لە 8.7  ملیار دینار گەڕاوەتەوە بۆ هاوبەشانی ماڵان لەسەر  پسوولەکانی کارەبا لەچوارچێوەی ئەو دەستپێشخەرییەی مانگی ڕابردوو ڕاگەێندرا بۆ پێدانی پاڵپشتی بەڕێژەی 20٪ لەسەر هەموو پارەدانێک کە لەڕێگەی سەکۆی پارەدانی دیجیتاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئی-پسوولە ئەنجام دەدرێت.

زۆرینەی هاوبەشانی ماڵان کە ئەو پاڵپشتییە دەیانگرێتەوە لەسەر پسوولەی کارەبای مانگی دوو سوودمەندبوون. بەشێکی دیکەی هاوبەشانی ماڵان سوودمەنددەبن لەو پاڵپشتییە لەسەر پسوولەی مانگەکانی داهاتوو.

حکومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دەدات بە هەموو هاوبەشانی ماڵان لەوەی بری تەواوی ئەم پاڵپشتییە جێبەجێدەکرێت.

خشتەی یەکەم: داتاکانی پەیوەست بە پاڵپشتی بەڕێژەی 20٪ لە کوردستان

کۆی گشتی ئەو پارەیەی گەڕێندراوەتەوە بۆ هاوبەشانی ماڵان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان

ژمارەی هاوبەشانی سوودمەند لە پاڵپشتی 20٪

تێکڕای بڕی پارەی گەڕێندراوە بۆ هاوبەشانی ماڵان

ژمارەی ئەو هاوبەشانەی پسوولەکانیان یەکسانە بە 0 بەهۆی سوودمەندبوون لە پاڵپشتی 20٪

8.73 ملیار دینار

218,095

40,000 دینار

15,507

تاوەکو ئەمڕۆ، نزیکەی 4.5 ملیۆن هاووڵاتی  کە زیاترە لە ٪70ی هاووڵاتیانی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە لەڕێگای پڕۆژەی ڕووناکی

بەپێی نرخە نوێیەکان، ٪80ی هاووڵاتیان، بەتایبەتی کەمدەرامەتان، پارەیەکی کەمتر دەدەن بە بەراورد بەو پارەیەی پێشتر دەیاندا بۆ کارەبای مۆلیدە و کارەبای نیشتمانی.

مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند بە مەبەستی گەیاندنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026. لە ئایاریش، ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکۆی دەنگ بڕیاری پەسەندکردنی پڕۆژەکەی دەرکرد.

پرۆژەی ڕووناکی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هەموو کوردستان دابین دەکات تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026. ئێستا سەنتەری هەموو شارەکان کارەبای 24 کاتژمێریان بۆ دابینکراوە.