بازنەی جەنگی نێوان ئەمریکا - ئیسرائیل و ئێران، جگە لە کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پریشکی گەیشتوەتە دەریای سپیی ناوەڕاست و قەوقاز و سریلانکا. جگە لە ئیسرائیل، ئێران هێرشی کردووەتە سەر 11 وڵات و سەرچاوەکانی وزە و ڕێڕەوە بازرگانییە جیهانییەکانی وەک گەرووی هورمز و کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی کردووەتە ئامانج. هێرشەکانی ئێران تاوەکو ئێستا وڵاتانی کوەیت، بەحرەین، قەتەڕ، ئیمارات، سعودیە، ئوردن، عێراق (هەرێمی کوردستان)، عومان، تورکیا، قوبرس و نەخجەوانی ئازەربایجانی گرتووەتەوە.

ئۆپەراسیۆنەکانی نەڕەی شێر و توڕەیی داستانخوڵقێن

ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەڕەی شێر و توڕەیی داستانخوڵقێن، بە چڕی بەردەوامن لەسەر هێرشەکانیان بۆ سەر ناوەندە سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران. ئۆپەراسیۆنی "نەڕەی شێر"ی ئیسرائیل و ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی داستانخوڵقێن"ی  ئەمریکا، کە سەرلەبەیانیی 28ـی 2ـی 2026ـی بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، و چەندین بەرپرسی سەربازی و ئەمنی کوژران. بەگوتەی دۆناڵد ترەمپ، عەلی خامنەیی، لە کاتی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران دا کراوەتە ئامانج و بەو هۆیەوە زیاتر لە 48 بەرپرسی سەربازی و ئەمنیی ئێران کوژراون. میدیاکانیش باس لەوە دەکەن، ئەمریکا و ئیسرائیل زیاتر لە 30 مووشەک و بۆمبی تایبەتی تێکشکاندنی سەنگەر و بڕینی کۆنکرێتیان بۆ کوشتنی عەلی خامنەیی بەکارهێناوە.

دەستەی سەرکردایەتیکردنی ئێران و داوای چەکدانان

لە دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، لە ئێران حەوت ڕۆژ پشوو و 40 ڕۆژ ماتەمینی ڕاگەیاندرا و بەگوێرەی دەستووری ئێران، دەستەیەکی کاتیی سێ کەسی بۆ سەرکردایەتیکردن و بەڕێوەبردنی ئێران دروستکرا، کە پێکهاتوون لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، غولام موحسین موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی داد و ئایەتوڵڵای عەلیڕەزا ئەعرافی، ئەندامی ئەنجوومەنی پاسەوانی دەستوور. ترەمپ لەبارەی داهاتووی ئێرانەوە دەڵێت، سێ بەربژێری باشی بۆ بەڕێوەبردنی ئێران هەیە و داواشی لە هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران کردووە، کە چەکەکانیان دابنین.

هەڵبژاردنی ڕێبەری نوێی ئێران

هاوکات لەگەڵ ئەوەی بە گەرمی شەڕ و بۆردومان و هێرشی درۆنی و مووشەکی بەردەوامیی هەیە، شەوی (8ـی 3ـی 2026) ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەری  ئێران بڵاویکردەوە، کە ئایەتوڵا موجتەبا خامنەیی، کوڕیی عەلی خامنەییان بە زۆرینەی دەنگ هەڵبژاردووە بۆ ڕێبەری ئێران. بەوەش ئایەتوڵا موجتەبای تەمەن 56 ساڵ دەبێتە سێیەم ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی 1979ەوە. هەڵبژاردنی ئایەتوڵڵا موجتەبا خامنەیی، ژمارەیەک کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە و بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە، لەگەڵ هەڵبژاردنی ئایەتوڵڵا موجتەبادا نین. دۆناڵد ترەمپ، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "فۆکس نیوز" ڕایگەیاند، بە هەڵبژاردنی ئایەتوڵڵا موجتەبا خامنەیی، وەک ڕێبەری نوێی ئێران دڵخۆش نییە. هاوکات لە لێدوانێکی دیکەدا بۆ ڕۆژنامەی "زە تایمز ئۆف ئیسرائیل" لەبارەی هەمان پرس، بە کورتی گوتی: "با بزانین چی ڕوودەدات".

"گورزی 20 هێندەیان لێ دەدەین"

دۆناڵد ترەمپ، هۆشدارییەکی تووند دەداتە تاران لە بارەی داخستنی گەرووی هورمز و ڕایدەگەیەنێت، هەر هەوڵێکی لەو شێوەیە ڕووبەڕووی "مەرگ و ئاگر و تووڕەیی"یان دەکاتەوە و جەختیش لە لەناوبردنی تەواوەتی توانای ئەتۆمی و دەریایی ئەو وڵاتە دەکاتەوە.

چارەنووسی سەرکردایەتیی ئێران

ترەمپ، تیشکی خستە سەر گۆڕانکارییەکانی ناو سەرکردایەتیی ئێران و گوتی: "ئێران هیچ سەرکردەی نەماوە، سەرکردەی نوێ دێت و ئەویش نامێنێت." ئەم لێدوانەی ترەمپ ئاماژەیە بۆ بەردەوامیی ستراتیژیی ئەمریکا لە بە ئامانجگرتنی بەرپرسە باڵاکانی تاران و ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێکی نوێ بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکانیان.

 
 
 
 
نوێکراوەتەوە/3 کاتژمێر پێش ئێستا
رێبوار حەمەوەیس

بە فەرمانى سوودانى شەهید و بریندارانى هەرێمى کوردستان پاداشت دەیانگرێتەوە

 

بە فەرمانى محەممەد شیاع سوودانى، فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکان، کەسوکارى شەهیدان و بریندارانى هێرشەکانى ئەمدواییەى هەرێمى کوردستان، هاوشێوەى شەهید و بریندارانى عێراق پاداشت دەیانگرێتەوە.

پاداشتی کەسوکاری شەهیدان و بریندارانی هەرێمی کوردستان

لیوا تەحسین خەفاجى، نوێنەرى فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکان لە میانى بەسەرکردنەوەى برینداران و کەسوکارى شەهیدان لە کەرکووک ڕایگەیاند، فەرمانێکى ڕاستەوخۆ لەلایەن فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە دەرچووە بۆ پاداشتکردنی کەسوکارى شەهید و بریندارانى هەرێمى کوردستان، هاوشێوەى شەهید و بریندارانى سیستمى ئەمنى و بەرگریی عێراق.

قوربانیانی هێرشەکانی ئەمدواییە

نوێنەرى فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاماژەى بەوەشکردووە، شەهیدان و بریندارانى هەرێمى کوردستان کە بەهۆى هێرشەکانى ئەم دواییەوە بوونەتە قوربانى پاداشتەکە دەیانگرێتەوە، بە مەرجێک بە فەرمى لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان و لە رێگەى نوێنەرى هێزى پێشمەرگەوە تۆمارکرابن.

ناوی قوربانییانی سڤیلیش ڕەونەی بەغداد دەکرێت

لەبارەى قوربانییانى سڤیلیش تەحسین خەفاجى ڕایگەیاندوە، لە ڕێگەى وەزارەتى تەندروستیی هەرێمى کوردستانەوە ناوەکانیان دەنێردرێت بۆ وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدراڵ.

بڕی هاوکارییەکە

بەگوێرەى بڕیارى حکومەتى عێراق، کەسوکارى شەهید 10 ملیۆن دینارو بریندارانیش پێنج ملیۆن دینار وەردەگرن.