محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەڕ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران داوای لە ئێران کرد، هێرش بۆسەر وڵاتانی ناوچەکە ڕابگرێت، جەختی لەوەش کردەوە، ئێران لە ڕێگەی هێرشەکانیەوە بۆسەر وڵاتانی کەنداو، هەوڵدەدات زیان بە دراوسێکانی بگەیەنێت و پەلکێشیان بکاتە ناو جەنگێکەوە کە جەنگى ئەوان نیین.
هێرشەکان ویستی شەڕخوازانەیە
وەزارەتی دەرەوەی قەتەڕ لە ڕاگەیێنراویکدا ئاماژە بەوە دەکات، ئەو هێرشانە ڕەنگدانەوەی ویستی شەڕخوازانەیە و هیچ نیازپاکییەک لەلایەن ئێرانەوە پیشان نادات بۆ کەمکردنەوەی ئاستی گرژییەکان و گەیشتن بە چارەسەر.
هێرشەکان بێ وەڵام نامێنێتەوە
ئاماژە بەوەشکراوە، قەتەڕ ڕووبەڕووی هەر دەستدرێژییەک دەبێتەوە، کە پێشێلی سەروەری و ئاسایش و یەکپارچەیی خاک و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانیان بکات و ئەو هێرشانە بێ وەڵام نامێننەوە.
بە خێرایی هێرشەکان ڕابگرن
وەزارەتی دەرەوەی قەتەڕ ئاماژەی بەوەشکردووە، ئال سانی داوای لە عێراقچی کردووه بەخێرایی هێرشەکان ڕابگرن، هاوکات ڕەتیکردووەتەوە هێرشەکانی ئێران تەنیا بەرژەوەندیی ئەمریکا لە ناوچەکە بکات بە ئامانج و جەختی لەوە کردەووەتەوە، ڕاستییەکان بەڕوونی دەریدەخەن، هێرشەکان ناوچەی سڤیل و نیشتەجێبوونیان کردووەتە ئامانج.