میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، لە ماوەی کەمتر لە 72 کاتژمێری ڕابردوودا، بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە 13 کەس لە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون.
ژمارەیەکیان بەهۆی هێرشەکانی ڕۆژی دووشەممەوە بووە
میدیای فەرمیی ئێران بێ ئەوەی ناسنامەی کوژراوەکان ئاشکرا بکات، ڕایگەیاند، شەش لە کوژراوەکان لە ئەنجامی هێرشەکانی ڕۆژی دووشەممە بۆ شاری نەغەدەی پارێزگاکە بووە.
کوژرانی سەرنشینی ئۆتۆمبێلێکی نەفەر هەڵگر
بەگوێرەی میدیای ئێرانی، دوێنێ سێشەممە 7 کەس لەسەر یەکێک لە ڕیگەکانی پارێزگاکە لەناو دوو ئۆتۆمبێلی نەفەرهەڵگر ڕووبەڕووی هێرش بوونەتەوە، بەو هۆیەشەوە سەرجەم سەرنشینەکانی ناو ئۆتۆمبێلەکە کوژراون و کەسێکى دیکەش برینداربووە.
میدیای ئێران دەشڵێت، دوای ڕووداوەکە تیمەکانی مانگی سوور گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و بریندارەکەش بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە.