دەزگاى ئاسایشى هەرێمى کوردستان چەند ڕێنماییەکى بڵاوکردەوە و داوا لە ڕاگەیاندنەکان دەکات لە بڵاوکردنەوەى زانیارى و وێنە و دیمەنى ئەو شوێنانەى بۆردوومانکراوە، پێش دەزگا ئەمنییەکان نەکەون.

بێ مۆڵەت ڕێگە نادرێت لە شوێنی ڕووداوەکان نزیک ببنەوە

لە ڕاگەیێنراوى دەزگاى ئاسایشى هەرێمى کوردستان هاتووە، تیمی میدیایی دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە کاتی ڕووداوە ئەمنییەکاندا بەبی مۆڵەت وەرگرتن لە دەزگاى ئاسایش لە شوێنی ڕووداوەکان نزیک نەبنەوە، لەکاتی گواستنەوەی زانیارییەکاندا لەسەر ڕووداوەکان پێش دەزگا ئەمنییەکان نەکەون و تەنیا ئەو زانیارییانە بڵاوبکەنەوە کە لەسەرچاوەی فەرمییەوە لە دەزگا ئەمنییەکان دەستیان دەکەوێت.

پەلە نەکردن لە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ

هەر لە ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە، ڕاگەیاندن پەلە نەکەن لە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی ئەو شوێنانەی کە بۆردوومانکراوە تاوەکو ئەو کاتەی لەلایەن لایەنە ئەمنییەکانەوە زانیاریی فەرمیی بڵاودەکرێتەوە.

خۆ بەدوورگرتن لە هەواڵی ناڕاست

دەزگاى ئاسایش داوا لە دەزگا میدیاییەکان دەکات، خۆیان بە دووربگرن لەو جۆرە هەواڵانەی ناڕاستن و ترس و دڵەراوکێ لەناو بازاڕ و هاونیشتمانییاندا دروست دەکەن، هەروەها خۆیان لە بڵاوکردنەوەی ئەو زانیاری و هەواڵانە بپارێزن کە لە میدیا بیانییەکانەوە بڵاوبووەتەوە و حاڵەتی پڕوپاگەندەیان هەیە و دژە بە ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان.

هەرێمی کوردستان بێ لایەنە

دەزگاى ئاسایش جەختدەکاتەوە، هەرێمی کوردستان لەم جەنگ و ئاڵۆزییەدا بێ لایەنە و نابێتە بەشێک لەم جەنگە، هەربۆیە لە بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە هەواڵ و ڕاپۆرت و زانیارییەک کە ناکۆکە لەگەڵ ئەم بێ لایەنییە، خۆیان بپارێزن و گوتەبێژی دەزگاى ئاسایش بە تاکە سەرچاوەی ڕاست و دروست بزانن بۆ وەرگرتنی زانیاریی لەسەر ڕووداوەکان.