قاسم ئەعرەجى، بەرپرسانى ئێران دڵنیادەکاتەوە، ڕێگەنادەن گرووپەکانى ئۆپۆزسیۆن لە خاکى عێراقەوە هێرش بکەنە سەر وڵاتەکەیان دەشڵێت، وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان بۆ بەهێزکردنى کۆنترۆڵکردن لە میحوەرى هەولێر هێز دەنێرێتە سەر سنوور.
هۆشداریی ئێران بۆ وڵاتانی کەنداو
قاسم ئەعرەجى،ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە تۆڕى کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، پەیوەندییەکى تەلەفۆنى لە عەلى باقرى، جێگرى ئەمیندارى گشتیى ئەنجوومەنى باڵاى ئاسایشى نیشتمانی ئێران پێگەشتووە و باقرى دووپاتیکردووەتەوە، تاران وڵاتانى کەنداوى ئاگادارکردووەتەوە، باڵیۆزخانەکان و کێڵگە نەوتییەکان و پێگە مەدەنییەکان لە ئۆپراسیۆنەکانیادا ناکەنە ئامانج، تەنیا پێگەکانى ئەمریکا دەکەنە ئامانج.
ڕێگریکردن لە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان
بەگوتەى ئەعرەجى، باقرى داواشى لە عێراق کردووە، لەسەر بنەماى ڕێککەوتنى ئەمنى واژۆکراوى هەردوو وڵات، ڕێکارى پێویست بگرێتەبەر و ڕێگەنەدات گرووپەکانى ئۆپۆزسیۆن سنوورى هەردوو وڵات ببەزێنن.
بەردەوام دەبن لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان
دەشڵێت، وەکو لایەنى عێراقى دووپاتیانکردەوە، بەردەوام دەبن لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان بۆ دامرکاندنەوەى قەیرانەکە و ڕاگرتنى ئاڵۆزییەکان و گەڕانەوە بۆ سەر ڕێڕەوى دانوستان.
ڕێگو بە هیچ گروپێک نادەن سنوور ببەزێنێت
وەک پابەندبوونیش بە فەرمانەکانى محەممەد شیاع سوودانى فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکانى عێراق، بۆ پێویستیى پابەندبوونى تەواو بە ڕێککەوتنى ئەمنى هەردوو وڵات، ڕێگەنادەن بە هیچ گرووپێک سنوورى ئێران ببەزێنێت، یاخود لە خاکى عێراقەوە چالاکى لە دژى ئێران ئەنجامبدات.
قاسم ئەعرەجى، لە پەیوەندییەکەیدا لەگەڵ عەلى باقرى، ئاماژەی بەوەشکردووە، وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان هێزى پێشمەرگە دەنێرێتە سەر سنوور بۆ کۆنترۆڵکردنى باشترى هێڵى سنوورى بەتایبەت لە میحوەرى هەولێرەوە.