ئەمریکا و ئیسرائیل سەرلەبەیانیی ڕۆژی 28ی شوباتی 2026 لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش و هەماهەنگدا، زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و ئاسمانییان کردە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و چەندین ناوەند و بارەگای سەربازی و ئەمنی و حکومییان کردە ئامانج.

نەڕەی شێر و توڕەیی داستانخوڵقێن

لە ئۆپەراسیۆنی "نەڕەی شێر"ی ئیسرائیل و ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی داستانخوڵقێن"ی  ئەمریکا بۆ سەر ئێران، عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران و چەندین بەرپرسی سەربازی و ئەمنی کوژران. ئێرانیش بە مووشەکی بالیستیکی و درۆن هێرشی کردووەتە سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا لە ناوچەکە و دەستەیەکی کاتیی بۆ سەرکردایەتیکردنی ئێران دروستکردووە.

بۆمب و مووشەکی تایبەت

بەگوتەی دۆناڵد ترەمپ، عەلی خامنەیی لە کاتی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێراندا کراوەتەوە ئامانج و بەو هۆیەوە زیاتر لە 48 بەرپرسی سەربازی و ئەمنیی ئیران لەو بۆردومانەدا کوژران. میدیاکانیش باس لەوە دەکەن، ئەمریکا و ئیسرائیل زیاتر لە 30 مووشەک و بۆمبی تایبەتی تێکشکاندنی سەنگەر و بڕینی کۆنکرێتیان بۆ کوشتنی عەلی خامنەیی بەکارهێناوە.

دەستەی سەرکردایەتیکردنی ئێران و ترەمپ

لە دای کوژرانی عەلی خامنەیی، لە ئێران حەوت ڕۆژ پشوو و 40 ڕۆژ ماتەمینی ڕاگەیاندرا و بەگوێرەی دەستووری ئێران، دەستەیەکی کاتیی سێ کەسی بۆ سەرکردایەتیکردن و بەڕێوەبردنی ئێران دروستکرا، کە پێکهاتوون لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، غولام موحسین موحسینی ئێژەی، سەرۆکی دەسەڵاتی داد و ئایەتوڵای عەلیڕەزا ئەعرافی ئەندامی ئەنجوومەنی پاسەوانی دەستوور. ترەمپ لەبارەی داهاتووی ئێرانەوە دەڵێت، سێ بەربژێری باشی بۆ بەڕێوەبردنی ئێران هەیە و داواشی لە هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران کردووە، کە چەکەکانیان دابنین.

هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان

کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بە مووشەکی بالیستیکی و درۆن هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا لە ناوچەکە و هێرشەکانی ئێران تاوەکو ئێستا وڵاتانی کوەیت، بەحرەین، قەتەڕ، ئیمارات، سعودیە، ئوردن، کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر و قوبرس گرتووەتەوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هێرشەکانیدا باڵەخانەکان و فڕۆکەخانەکان و کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئەو وڵاتانەشی کردووەتە ئامانج و تاوەکو ئێستا هێرشە مووشەکییەکانی نەڕەی شێر و توڕەیی حەماسەخوڵقین و ئێران بۆ سەر یەکدی بەردەوامیی هەیە و قەبارە و ئاستی هێرشەکان زیاتر و بەرفراوانتربوون.